گۆڕان دەڵێت ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی جێبەجێ نەكراوەو كاتی پێداچوونەوەیە

03-01-2021 08:22
ساتی واژۆكردنی ڕێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان بۆ بەشداریی لە حكومەت.

پەرەگراف

ناڕەزاییە ناوخۆییەكان لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنی بەشدارییان لە حكومەتی هەرێم بەردەوامە، داوای هەڵوێست‌و پێداچوونەوە دەكرێت تا ئاستی كشانەوەی گۆڕان لە كابینەكەی مەسرور بارزانی.

لە نوێترین پێشهاتدا عەدنان عوسمان، وتەبێژی فەرمیی‌و سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە تویتێكدا دەڵێت: مانگ و نیوێكی تر دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕێكەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، لەو كاتەوە تائێستا لە كۆی ۱۲ بڕگەی 'لەسەر ئاستی كوردستان' هیچ خاڵێكیان جێبەجێ نەكراوەو هەنگاویشی بۆ نەنراوە، وەیا بەنیوەو ناچڵی كاری لەسەر كراوە.

"بەشەكانی تریش یاهەموی یا زۆرینەی جێبەجێ نەكراون! سەردەمی موراجەعاتە" عەدنان عوسمان وادەڵێت.

هاوكات عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، تویتەكەی عەدنان عوسمانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوەو جارێكی دیكە داوای كشانەوە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دەكات.

عەلی حەمەساڵح نووسیویەتی "لە دوای شەش مانگی یەكەمی بەشداری گۆڕان لە حكومەت بەفەرمی وتم.. بەشداریكردن لە حكومەت عەیب و تاوان نیە!! بەڵام كاتێك كارنامەی حكومەت جێبەجێناكرێت، لەپاڵ بەشدریكردنی تۆدا ئەوان سەرقاڵی قاچاخی و گەندەڵی بن! پەرلەمان بكرێتە دامەزراوەیەكی بێ ڕۆح، چ مانایەك بۆ بەشداریكردن لەم حكومەتە ھەیە!!".

لە وەڵامی ئەوانەشدا كە باسلەوە دەكەن، ئەوان دەنگیان بە بەشداریكردن لە حكومەت داوەو ئێستا باسی كشانەوە دەكەن، عەلی حەمەساڵح دەڵێت "دەنگمان بەڕێككەوتن و كارنامەیەك داوە ئەگەر جێبەجێبكرایە لە خزمەت ھەموو خەڵكی كوردستان بوو، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەر و كۆی حكومەت ڕێككەوتن و كارنامەی جێبەجێنەكرد، تۆ بەبیانوی ئەوەی ڕێككەوتنت ھەیە ھەردەبێت بەدوایدا ڕابكەیت!!! ئەو قاچاخی و گەندەڵی بكات و تۆش بەبیانوی ئەوەی ڕێككەوتنت ھەیە، دەبێت لێی بڕوانی!!"

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای هەڵوێست لە بزووتنەوەكەی دەكات‌و نەوشیروان مستەفا بە نمونە دەهێنێتەوەو دەڵێت: كاك نەوشیروان دژی ڕێككەوتن و لێكتێگەشتن نەبوو، بەڵام كەی بەرامبەر پەیوەست نەبا، ئەمیش بێھەڵوێست نەدەبوو.

فشاری ناوخۆیی‌و ڕەخنەی پەرلەمانتارو هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە بەشدارییان لە حكومەت‌و داوای هەڵوێست وەرگرتن، بزووتنەوەكەی دابەشی دووبەرە كردووە، پەرەگراف زانیویەتی بەرەی بەهێزی بزووتنەوەكە لەگەڵ مانەوەدان لە حكومەت كە عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی‌و مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم سەرۆكایەتی دەكەن.

سەرباری ئاستە حیزبییەكە، فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداو نیوەی پەرلەمانتارانی كوردستانیان نیگەرانن‌و دابڕاون لە بزووتنەوەكەیان، خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانیان بەشداریی گۆڕان‌و ئەدایەتی لە حكومەت كە ئەوان لێی ڕازی نین.

ئەو دۆخە ناوخۆییە لەكاتێكدایە گۆڕان لە بەردەم ڕەخنەو فشاری زۆری جەماوەرو خەڵكی ناڕازیدایە، بەتایبەت بەهۆی لێبڕینی مووچەو دابەشنەكردنی مانگانە لەكاتی خۆیدا كە پێشتر گۆڕان ڕایگەیاندبوو تەنها بۆ یەك مانگ لێبڕینی قبوڵ كردووە، بەڵام مانگەكانی دیكەش بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی بزووتنەوەكە هەڵوێستێكی هەبێت.

گۆڕان بە چوار وەزارەت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم‌و چەندین پۆستی دیكەی خوار وەزیر بەشدارە لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە ناویاندا وەزارەتی دارایی كە زۆرترین ڕەخنەی ڕوبەڕوی ئەو بزووتنەوەیە كردووەتەوە.

ڕەخنەی خەڵك بەگشتی لە كۆی كابینەی حكومەتە، بەڵام خەڵكە ناڕازییەكەو ئەوانەی حیزبیی نین یاخود پارتی‌و یەكێتی نین، زیاتر ڕوویان لە بزووتنەوەی گۆڕانە كە پێشتر ئاستی هیوای خەڵكی بە چاكسازیی لە ماوەیەكی خێرادا زۆر بەرزكردووەتەوە.

بەهۆی سروشتی بزووتنەوەكەو ئەو شێوازە ڕەخنەگرتنەی لە ساڵانی ڕابردوو هەی بووە بەتایبەت كاتێك ئۆپۆزسیۆن بووە، ئێستا هەندێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون، ئەمەش هاوشێوەی هەیە لەناو یەكێتی نیشتیمانی كە لەگەڵئەوەی پێكهێنەرێكی سەرەكیی حكومەتە، بەڵام ئاڕاستەیەكی ئەو حیزبە هەر لە سەرەتای كابینەكەوە دژی مەسرور بارزانی وەستاوەتەوە.