مەسروور بارزانی: شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەری كێشەی ‏مووچەبڕین

07-07-2025 01:56
كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیرانی پارتی - ئەمڕۆ 07-07-2025

پەرەگراف

مەسروور بارزانی جەخت دەكاتەوە كە "كێشەی ئێمە (هەرێم) لەگەڵ حكومەتی ‏فیدراڵی، سیاسییە نەك تەكنیكی". دەشڵێت "شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏ئێستا لە بەغدایە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا كێشەی مووچەبڕینی خەڵكی ‏كوردستان چارەسەر بكرێت".‏

ئەم قسانەی مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەیەكدا هات لەگەڵ ژمارەیەك لە ‏كادیرانی پارتی، كە تێیدا وتیشی "عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە و هەرێمی ‏كوردستانیش قەوارەیەكی دەستووریی هەیە، دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە ‏دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت".‏

هەروەها دووپاتی كردەوە كە "هەرێمی كوردستان هەرگیز دەستبەرداری هیچ ‏مافێكی دەستووریی خۆی نابێت".‏

مەسروور بارزانی وەكوو جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی دەڵێت "پارتی بە ‏ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی، داكۆكیكار و پارێزەری یەكەم و سەرەكی ماف ‏و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و گەرەنتیی ‏پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی كوردستانە".‏

بەیانیی ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی وەزیری سامانە سروشتییەكان گەیشتە ‏بەغداد. بڕیارە گفتوگۆی چڕ دەربارەی ڕەشنووسی پێشنیازێكی حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەری ‏كێشەكان بكرێت. چاوەڕێ‌ دەكرێت بەزوویی هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن.‏

شاندی هەرێم پێكهاتووە لە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت، ئامانج ‏ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ‏هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێم.‏

بابەتی سەرەكیی گفتوگۆ و ڕێككەوتنی ئەمجارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە، كە دەبێت ‏ڕێككەوتنی ورد لەسەر بڕی نەوتەكە و شێوازی ڕادەستكردن و پێدانی پارەی كۆمپانیاكان بكرێت.‏