پەرەگراف
چەند كاتژمێرێكی دیكە ساتی یەكێك لە ڕووداوە گەورەكانی ساڵی ڕابردووە، ئەویش كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو لە بەغداد، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادەكە گرژییەكانی نێوان ئێرانو ئەمەریكا بەرەو لوتكە هەڵدەكشێنو لە لێدوانی تووندی ڕاگەیاندنەوە بەرەو جوڵەی سەربازیی گۆڕاون.
هەڕەشەو ناردنی پەیام لەلایەن هەردوو وڵاتەوە لە ڕاگەیاندنو كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە بەردەوامەو هۆشداریی دەدرێت كە عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی شەڕی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی نێوان تارانو واشنتۆن، لە نوێترین پێشهاتدا ئێران دەڵێت "ئیسرائیل خەریكی پیلانگێڕییەكە لە عێراقەوە".
هەرچەندە وا پێشبینیكراوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمەریكاو ئێران، هاوكات لە كەنداوی فارس جوڵەی سەربازییو نائاسایی زیادی كردووە، حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ هێزەكانی وڵاتەكەی بەسەركردەوە لە دورگەی ئەبوموسا لە كەنداوی فارس كە پێشتر فڕۆكەی زەبەلاحی بی 52ی ئەمەریكی بەسەر كەنداوەكەدا گەڕا.
سەلامی لە میانی سەردانەكەیدا پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی تووندی ناردو وتی، بە قسەو بە كردەوە پیشانیانداوە كە بە لێدانی "یەكدەستو یەكلاكەرەوەو بەهێز" وەڵامی هەر كردەوەیەكی دوژمن دەدەنەوە، "چەندینجار سەلمێنراوە هیچ هەڕەشە و دەستدرێژییەك لەلایەن دوژمنانەوە پشتگوێ ناخەینو بێ وەڵام نابێت".
فەرماندەی سوپای پاسداران، ئاماژەی بە توانا سەربازییەكانی وڵاتەكەی كردو ئەوەی خستەڕوو، پێشكەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناوە لە ڕووی چەكو مووشەكو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانو پێداویستی دیكەی سەربازییەوە.
هەر ئەمڕۆ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر ڕایگەیاند، زانیاریی نوێی هەواڵگری لە عێراقەوە ئەوەدەردەخات "ئیسرائیل خەریكی پیلانگێڕییە بۆ هێرش بۆ سەر ئەمەریكییەكان تا بەبیانووی ساختەوە ترەمپ ڕابكێشنە ناو شەڕ".
زەریف هۆشداریی بە سەرۆكی ئەمەریكا دەداتو دەڵێت، هەر جۆرە یاریكردنێك بە ئاگر، وەڵامی تووندتری بەدواوە دەبێت، بەتایبەتی دژی ئەو دۆستە نزیكەت(مەبەستی ئیسرائیلە). وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتریش هۆشداریی دابوو لە هێرشو جوڵەی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراقەوە.
دەوروبەری كاتژمێر 1ی بەرەبەیانی سبەینێ، یەكەم ساڵیادی كوشتنی قاسم سلێمانییە لە بەغداد، ئەو بە فەرمانی ترەمپ لە ڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كوژرا دوای گەیشتنی بۆ بەغداو چوونەدەرەوەی لە فڕۆكەخانە، لەگەڵ كوشتنی سلێمانی دا ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقو چەند كەسێكی دیكەش كوژران.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، بەغداد كەوتە دۆخێكی نائاساییەوە كاتێك گرژیی دروست بوو لە نێوان حكومەتو میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، ئەوەش بەهۆی دەستگیركردنی ئەندامێكی میلیشیاكان بە تۆمەتی بەشداربوون لە دواین هێرشی مووشەكیی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا.
ئەو هێرشە مووشەكییە بە چڕیی ئەنجام دراو سیستمی بەرگریی باڵیۆزخانەكە وەڵامی دایەوەو زیانی بە ئەمەریكییەكان نەگەیاند، بەڵام كاردانەوەی تووندی لێكەوتەوەو ئیدارەی ترەمپ چەند بژاردەیەكی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشو ئەگەرێك تاوتوێ كرد كە لێدانی گورزی سەربازیی بۆسەر ئێران تێدایە.
ترەمپ كە خاوەنی فەرمانی كوشتنی قاسم سلێمانییە، لە كۆتا ڕۆژەكانی سەرۆكایەتییەكەیدایە لە كۆشكی سپی. دواین هۆشداریی ترەمپ بۆ ئێران لە دوای ئەو هێرشە مووشەكییە بوو، كاتێك وێنەی سێ مووشەكی نەتەقیوی لە تویتەر بڵاوكردەوە لەوانەی كە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد كرابوون، ترەمپ وتی: مووشەكەكان ئێرانیی بوون.
"لە ئێستاشدا گوێمان لە لێدانی زیاتری ئەمریكییەكان لە عێراق دەبێت. چەند ئامۆژگارییەكی هاوڕێیانەی تەندروست بۆ ئێران: ئەگەر هەر ئەمریكییەك بكوژرێت، من ئێران بە بەرپرسیار دەزانم. بیری لێبكەنەوە" سەرۆكی ئەمەریكا وای وت.
وەك ھۆشدارییەكیش بۆ ئێران، كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، دوو فڕۆكەی بۆمبھاوێژی بی ٥٢ی ئەمەریكی بەسەر كەنداوی فارسدا فڕین، كاربەدەستێكی باڵای سەربازیی ئەمەریكا ڕایگەیاند: ئەو فڕۆكانە ھۆشدارییەكی نوێیە بۆ ئێران، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەگەری ھێرش دژی ئەمەریكییەكان لە ئارادایە.
لەگەڵ بەردەوامیی هەڕەشەكان لە دژی ئەمەریكاو بەڵێنی تۆڵەكردنەوە لە لایەن ئێرانو میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە، حكومەتو سەركردە عێراقییەكان داوادەكەن ئەمەریكاو ئێران وڵاتەكەیان نەكەنە گۆڕەپانی شەڕو ململانێكانیان.
مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو لە تویتێكدا پەیامێكی ڕوونی دا بەگوێی میلیشیاكاندا كە ملكەچیان نابێت، كاتێك ڕایگەیاند: داوای هێوركردنەوەمان كردووە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی تری بێهوودە، بەڵام ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاكەرەوەین ئەگەر پێویست بكات.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنیان، "مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین، بەهێمنی كارمان كردووە بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بە دەڵەوت".
هاوكات موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بەیانێكدا ڕایگەیاند، عێراق بووە بە قوربانیی ململانێكانی نێوان ئەمریكاو ئێران، لەكاتێكدا بەشێك نییە لەو ململانێیانە. سەدر داوای لە ئێران كرد، عێراق بەدوور بگرێت لە ململانێكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا.
لایخۆشیەوە ژەنەڕاڵ كینس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ بەرگرییو هەر كاردانەوەیەكی پێویست، لە ئەگەری هێرشی ئێران یاخود گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی دا.