پەرەگراف
شاندی دەمپارتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرەو دورگەی ئیمراڵی بەڕێ كەوت. بڕیارە پەیامێكی نوێی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەربارەی پرۆسەی چەكدانانی گەریلاكانی پەكەكە لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و ئاراستەی ڕایگشتیی بكەن.
شاندی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەمپارتی) پێكهاتووە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی پارتەكە و پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆل.
دوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، هەر لەم ڕۆژانەدا شاندی دەمپارتی بۆ دووەم جار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆ دەبێتەوە.
لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆسەی چەكدانانی ژمارەیەك لە گەریلا و بەرپرسانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوە بچێت. بەپێی زانیارییەكان، پرۆسەكە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوە دەچێت، كە ناوچەیەكی نزیكە لە ناوەندی دەسەڵاتی پەكەكەوە.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، پێشتر بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندبوو، پرۆسەی چەكدانان "لەنێوان 10 بۆ 12ـی تەمووز" بەڕێوە دەچێت و یەكەم گرووپی گەریلاكان كە چەك دادەنێن لە "20 تا 30 كەس" پێك دێت.