تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا درێژکردەوە

06-07-2025 09:17

پەرەگراف

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا قەدەغەی بەکارهێنانی ئاسمانی تورکیای بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی تا 06-10-2025 درێژ کردەوە. 

تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، بەڵام دووتر چەند جارێک درێژکرایەوەو تا ئەمڕۆ بەردەوامە. 

ڕۆژی 2-7-2024 بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار زیان بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە.

هەندرێن هیوا موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت، لەسەدا ٣٥ی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاون بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیاوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.