حكومەتی هەرێم گەنمی ماوەی جووتیاران وەردەگرێت

06-07-2025 08:28

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر پێشنیازێك بۆ ‏وەرگرتنی گەنمی ماوەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ‏حكومەتی عێراقەوە لێیان وەرنەگیراوە. پرۆسەكە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست ‏پێ‌ دەكات.‏

كۆنووسی پێشنیازەكە لەلایەن لیژنەی باڵای تایبەت بە ساغكردنەوە و ‏بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش بە ‏ئەنجوومەنی وەزیران كرابوو. بڕیارە بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ‏گەنم لە جووتیاران بەپێی ئەو بڕەگەنمەی كە ماوە لە كوردستان، وەر بگیرێت.‏

مەرجی وەرگرتنی گەنمەكە ئەوەیە كە "بەپێی تایبەتمەندییەكانی عێراقی بێت". ‏هەر تەنێكی گەنمی پلە یەك بە 550 هەزار دینار و گەنمی پلە دوو هەر تەنێك ‏بە 525 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.‏

حكومەتی هەرێم دەڵێت "پێویستە جووتیار پشتگیریی بنكەی كشتوكاڵی و بڕی ‏گەنمی وەرگیراو لە سایلۆكانی پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار ‏كرابێت".‏

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەكە لە ماوەی یەك مانگ دەبێت، لە ڕێكەوتی 15-07-‏‏2025 دەست پێ دەكات. لە ماوەی (دوو مانگ) لە دوای وەرگرتنی گەنمەكە ‏شایستە داراییەكان بە جووتیاران.‏