وتەبێژی سوودانی داوای خستنەڕووی بەڵگە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەکات

05-07-2025 01:09

پەرەگراف

وتەبێژی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ ئاڕاستەی گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبیی دەکات لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆسەر هەرێم و دەڵێت: تۆمەتێکی ڕەتکراوەو قبوڵ نەکراوەو داوای خستنەڕووی هەربەڵگەیەک دەکەین بۆ بەردەم لایەنە فەرمییەکان.

سەباح نعمان لە بەیاننامەیەکدا پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییەکان دووپات دەکاتەوە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش بدات لە سەرتاسەری وڵات.

نعمان ئەوەش دەخاتەڕوو، ئاڵنگارییەکان پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنابردن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەرکردنی بەیاننامەو پێیوایە ئەوکارە "پاساو بۆ لایەنە دوژمنکارەکان دەڕەخسێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق".

ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوەدێت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێرشە درۆنییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بۆسەر شارەکانی هەرێم خستە پاڵ "گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی".

لە کۆتا ڕۆژی مانگی شەشەوە چەند جارێک هێرشی درۆنی بۆ سەر کەرکووک، هەولێر و سلێمانی ئەنجام دراوە، درۆنێکیش ئاراستەی کەمپێکی ئاوارەکان لە  زاخۆ کرا، ئەمە جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانە کەرکووک، کە زیانی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "لە چەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاو کراوەتەوە کە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر، هێرش کراوەته سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل".

وەزارەتی ناوخۆ ڕایدە گەیەنێت "هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە ڕاستی". جارێکی دیکەش جەخت دەکاتەوە "نە بنکەی ئیسرائیل لە کوردستان هەیە و نە ئۆپەراسیۆی واش ئەنجام دراوە".

وەزارەتەکە لەبارەی هێرشە درۆنییەکەوە دەڵێت "شەوی ڕابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتووەتە خوارەوە". 

دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عێراق ئەنجامدەرانی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان ئاشکرا نەکردووە، بۆ یەکەم جارە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، "هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشەکان "بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە" تۆمەتبار دەکات.

هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات "سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر تاوانباران بگرنەبەر".