بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس بۆ پەرەگراف: جووڵەی هێزی عێراق بۆ كێڵگەی نەوتی چاڵاو خالید دوورە لە ڕاستییەوە
پەرەگراف
بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس لە گەرمیان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە جووڵەی هێزی عێراقی بەرەو كێڵگەی نەوتی قەمبەر (چاڵاو خالید) دەكەن و دەڵێت "دۆخەكە ئاساییە و هیچ جووڵەیەكی سەربازی نەكراوە".
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس كە كێڵگە نەوتییەكە دەكەوێتە سنووری ناحیەكەی، كاتژمێر 11:00ـی ئەمشەو بۆ پەرەگراف قسەی كرد و جەختی كردەوە "كەمێك لەمەوبەر قسەم لەگەڵ فەوجەكانی ئەو سنوورە كرد، هیچ جووڵەیەكی نائاسایی نییە و دۆخەكە ئارامە، ئیتر بۆ خەڵك بخەینە دڵەڕاوكێوە".
ساڵح محەمەد لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە ئەو بیرە نەوتە "زۆر كۆنە و هیچ بەرهەمێكی نییە"، وتیشی "هێزەی پێشمەرگە لەوێ جێگیرن و ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لەبارەی جووڵەی هێزی سوپای عێراق بەرەو كێڵگەی نەوتییەكە بڵاو دەكرێنەوە، زۆر دوورن لە ڕاستییەوە".
کێڵگەى نەوتى قەمبەر (چاڵاو خالید)، دەکەوێتە سنوورى ناحیەى کۆکس لە قەزاى کفرى سەر بە ئیدارەى گەرمیان. یەکێکە لە کێڵگە زۆر کۆنەکانى نەوت و لە ئێستادا هیچ بەرهەمێکى نییە. لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمدایە و هێزى پێشمەرگەى تێدا جێگیر کراوە.
نزیکەى ساڵێک لەمەوبەر و لە لە بەرەبەیانی ڕۆژی 25-08-2024، هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی بە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكەوە چوونە بیرە نەوتی چاڵاو خالید و هێزی پێشمەرگەش لە سنوورەكە كەوتنە ئامادەباشییەوە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك مانەوە، بە هەماهەنگی و ڕێككەوتن ناوچەكەیان چۆڵ كرد.