پەرەگراف
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە سووربوون بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دووپات دەکاتەوە کە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بکرێت.
پەیامەکەی سەدر دوای ئەوەدێت چەند ڕۆژێکە گەڕانەوەی سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسی و بەشداریی لە هەڵبژاردن پرسێکی گەرمی شەقامی عێراقییە، سەدر لە پەیامەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکات.
سەدر پێشتر هۆکاری سەرەکیی بایکۆتی هەڵبژاردنی بۆ هەبوونی گەندەڵیی گەڕاندەوە، ئەمڕۆش داوای لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران دەکات و دەڵێت "بە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران ڕاستی بەدی دێت".
رابەری رەوتی نیشتمانی شیعە، ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ ڕایگەیاند: با هەموو لایەك بزانێت، هەتا گەندەڵی بەردەوامبێت بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنێكی خواروخێچ ناكەم، كە هیچ خەمێكی نیە جگە لە بەرژەوەندی تائیفی و رەگەزی و حزبی و، تەواو دورە لە خەم و نەهامەتیەكانی خەڵك و ئەو كارەستانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە.
ڕەوتەكەی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا لە مانگی 10ـی 2021، زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا و بە 73 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو.
هەرچەندە سەدر هەوڵی دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەكەی حەلبووسی و پارتی دیموكرات حكومەت پێك بهێنێت، بەڵام بەهۆی ململانێ و ناكۆكیی لەگەڵا لایەنە شیعەكانی دیكەی، نەیتوانی.
ململانێی نێوان سەدر و ئەو لایەنانەی دیكەی شیعە كە نزیكن لە ئێرانەوە، بەتایبەت لەگەڵ نووری مالیكی، گەیشتە ئاستی پێكدادانی چەكداری لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دواجار سەدر دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بوو، دواتریش لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە و سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكەی دەستیان لە كار كێشایەوە.