پەرەگراف
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە چەند بڕیارێکی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەرکردو خاوەنەکانیان ئاگادار دەکاتەوە لە ماوەی یەک هەفتەدا سەردانی ئاسایش بکەن بەمەبەستی تۆمار کردنیان، دەشڵێت: بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاو ماتۆڕسکیل بچنە سەنتەری شارو شوێنە گشتیی و گەشتیارییەکان.
بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تاوەکو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری گەیاندن دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە نێو سەنتەری شار، شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەینەوە، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.