پێشەوا هەورامانى: ڕێککەوتن کراوە و ناردنى مووچە یەک واژووى سوودانیى ماوە

02-07-2025 12:45

پەرەگراف

وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، بۆ ناردنى مووچە، چاوەڕێى واژووکردنى ڕێککەوتنێک لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە دەکەن کە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتى فیدراڵ واژوو کراوە.

پاش کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم کە تێیدا هیچ بڕیارێک لەبارەى مووچەوە نەدرا، پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێم، جەختى کردەوە "شتەکە پاک کراوە و خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ واژووکردن، ئەگەر نیەتى جیددى هەبێت بۆ ناردنى مووچە، دەتوانێت هەر ئەمڕۆ واژووى بکات و مووچەى دوو مانگیش بنێرن نەک یەک مانگ".

وتەبێژى حکومەتى هەرێم باسى لە هاتنە ئاراى هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵدا نەکرد و وتیشى "ئەمجارە دەسپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کراوە بە مەرجى ناردنى مووچە".

"کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و کۆمپانیا نەوتییەکان بەڕێوە چووە، حکومەتى فیدراڵ بە شاندى هەرێمیان وتووە ئێمە ڕێککەوتووین، کۆمپانیاکانیش وتوویانە نزیکین لە ڕێککەوتن. ڕێککەوتنى کۆمپانیاکانى نەوت و حکومەتى فیدراڵ خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ واژووکردن".

بە قسەى وتەبێژى حکومەتى هەرێم، بەرپرسانى حکومەتى عێراق وتوویانە "دواى واژووکردنى ئەو ڕێککەوتنە، مووچە دەنێرین".

سەبارەت بە ڕادەستکردنى داهاتى ناوخۆ کە حکومەتى عێراق داواى ڕادەستکردنى نیوەى کۆى داهاتەکان دەکات، کە مانگانە لە دەوروبەرى ١٥٠ ملیار دینار دەکات، بەڵام پێشەوا هەورامانى وتى "ئێمە ٥٠%ـى داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەست دەکەین"، ئەو ئەو ڕێژەیە مانگانە دەوروبەرى ٥٠ ملیار دینار دەکات و حکومەتى عێراق بەوە ڕازى نییە.