ئۆجەلان پەیامی نوێی دەبێت و چەکدانانی پەکەکە دەست پێ دەکات

02-07-2025 11:42

پەرەگراف

هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە بۆ پرسی چەکدانانی پەکەکە، ئاژانسی میزۆپۆتامیا، نزیك لە پەکەکە دەڵێت: چاوەڕێی بانگەوازی نوێ لە رێبەر ئاپۆ و هەنگاوی نوێ لە پەکەکە دەکرێت.

"چاوەڕێ دەکرێت رێبەر ئاپۆ راستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات. لەچوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن؛ لەنێویاندا بەرپرسی پلەباڵاش هەبن" میزۆپۆتامیا وادەڵێت.

ئاژانسەکە دەشڵێت "پلان وایە، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. دووپاتکرایەوە کە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ مەراسیمەکە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ  بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک" دەدرێت".

سەرۆکی پەرلەمانی توركیا نوعمان کورتولموش هەفتەی رابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نوسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت.

قۆناغێکی تری یەکلاکەرەوەی پڕۆسەکە، کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی (دەم پارتی)یە لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم رۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت.