دوو درۆن لە تاسڵوجە كەوتنە خوارەوە؛ یەكەی 70: ئێمە تێكمان شكاندن

01-07-2025 10:29

پەرەگراف

دەزگای ئایاسایشی هەرێم كەوتنە خوارەوەی دوو درۆنی لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی ڕاگەیاند و هێزەكانی یەكەی 70 دەڵێت "ئێمە تێكمان شكاندن".

لە دەوروبەری كاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو 30-06-2025، درۆنێك لە ناوچەی تاسڵوجە لەناو كۆڵانێكدا كەوتە خوارەوە و دەنگی تەقینەوەی بیسترا، بەهۆیەوە ئاگر لە پووش و پەڵاشی شوێنەكە كەوتەوە، بەڵام زیانی بۆ ماڵەكان و دانیشتوانەكەی نەبوو.

هاوكات كەوتنە خوارەوەی درۆنێكی دیكە لە نزیك سیاجی بارەگای هێزەكانی یەكەی 70ـی پێشمەرگە لە سنوورەكە ڕاگەیەندرا.

پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەكان چوونە ناوچەكە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند "دوو درۆن لە ناوچەی تاسڵوجەی سنووری سلێمانی كەوتنە خوارەوە"، بەبێ‌ ئەوەی باس لەوە بكات لەلایەن هێزێكەوە خرابێتنە خوارەوە.

هاوكات، ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەكەی 70ـی هێزەكانی پێشمەرگە، بە میدیای یەكێتیی وتووە "دۆرنەكان لەلایەن هێزەكانمانەوە تێكشكێندراون".

هەندێك میدیا و سەرچاوە باسیان لە تەقینەوەی یەكێك لە درۆنەكان بە بارەگای هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی لەناو یەكەی 70دا كردووە، بەڵام وتەبێژی یەكەی 70ـی هێزەكانی پێشمەرگە ڕەتی كردووەتەوە شتی وا ڕووی دابێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "ڕووداوەكە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە". دەشڵێت "تیمەكانی لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شوێنی ڕووداوەكەن و لێكۆڵینەوە ئەنجام دەدەن".

شەوی ڕابردوویش فڕۆكەخانەی كەركووك بە مووشەكی جۆری كاتیۆشا كرایە ئامانج، هاوكات درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە كەمپی دەركارێ‌ لە سنووری زاخۆ كەوتە خوارەوە و ئاگرێكی گەورە كەوتەوە.