پەرەگراف
لە گۆڕانکارییەکی کەم وێنەدا لە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەرکەوتووبوو لە دەرپەڕاندنی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی لە پۆستەکەی، بەوەش هەژموونی خۆی بەسەر بەهێزترین دەزگای دەستوریی وڵاتدا سەپاند.
ناکۆکییەکان کاتێک تەقینەوە، ڕۆژی ١٩٠٦-٢٠٢٥ شەش ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەکار کێشانەوەیان پێشکەشکرد وەک فشارێک بۆسەر سەرۆکی دادگاکە، بەڵام دواتر سەرۆکی دادگاو تەواوی ئەندامانی دادگای فیدراڵی ڕێککەوتن پێکەوە داوا بکەن خانەنشین بکرێن، شەش دادوەرەکە دەستلەکارکێشانەوەکانیان کشاندەوە، دواتر سەرجەمیان داوایان کرد خانەنشین بکرێن، بەڵام دوای ئەوەی داوای خانەنشینبوونی دادوەر جاسم عەبود سەرۆکی دادگاکە پەسەند کرا، ئەندامانی دادگاکە پەشیمان بوونەوەو داوای خانەنشینبوونیان کشاندەوەو دەگەڕێنەوەسەر کارەکانیان.
بەوەش تەنها سەرۆکی دادگاکە لە پۆستەکەدا نەما، بەپێی بەدواداچوونی هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەی دادگای فیدراڵی ناکۆکی بوو لە نێوان فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادوەر جاسم سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی، کە بە مانەوەی یەکەم و دوورخستنەوەی دووەم کۆتایی هات.
ئەمڕۆ لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای خانەنشینبوونی دادوەر جاسم، فایەق زێدان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی و ئەندامانی دادگای فیدراڵی ئامادەی بوون.
لە ڕاگەیەندراوی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت "دادوەرەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی داواكەیان بۆ خانەنشینبوون كشاندەوە، ئەمەش دوای نەمانی ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی ئەوە داوای دەستلەكاركێشانەوە بكەن". لە بەرانبەریشدا فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سوپاسی کردن، بەوەش تەنها سەرۆکی دادگای فیدراڵی گۆڕا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێشەکانی دادگای فیدراڵی بە پەرەگرافی وت "فایەق زێدان هەژموونی خۆی سەپاند بەسەر دادگای فیدراڵیدا، پێشتر دادوەر جاسم بۆچوونی وابوو دادگای فیدراڵی سەربەخۆیەو نابێت سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەر سەرپەرشتی کۆبوونەوەی بکات، لەبەرئەوەی ئەگەر کێشەیەکی یاسایی بکەوێتە نێوان ئەنجومەنی دادوەری و لایەنێکی دیکە، ئەوە دادگای فیدراڵییە کە ئەو کێشەیە یەکلا دەکاتەوە لەبەرئەوە نابێت هەژموونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەسەرەوەبێت".
ڕۆژی 23-6-2025 پەرەگراف بۆیەکەمجار ئاشکرای کرد کە لە پێشهاتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراودا، سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پێکەوە داوا پێشکەش بە ئەنجومەنی دادوەری بکەن بە مەبەستی خانەنشینکردنیان، بەڵام بە پەسەندکردنی داوای خانەنشینیی دادوەر جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە ٢٩-٦-٢٠٢٥ لەلایەن ئەنجومەنی باڵأی دادوەرییەوە "بە هۆکاری تەندروستی"، دادوەرەکانی ئەندام لە دادگای فیدراڵی پەشیمان بوونەوەو داوای خانەنشینبوونیان کشاندەوە.
بەپێی سەرچاوەکەی پەرەگراف، "سەرۆکی دادوەری و سەرجەم دادوەرەکان بە هۆکاری تەندروستی داوای خانەنشینییان کرد، بۆیە لیژنەی پزیشکی ڕاپۆرتی پێویستی بۆ ئامادەکردوون و لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەموویان شیاو نین بۆ کارکردن، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری تەنها ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕەوانەکردنی سەرۆکی دادگا بۆ خانەنشینی".
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لایەنە سەرەکییە شیعەکان کە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەرییان کردووە، پێیانوایە ناکۆکییەکانی ناو دەسەڵاتی دادوەریی کاریگەریی نەرێنی هەیەو پێویستە لە نێوان فائیق زێدان و جاسم عەبود یەکێکیان هەڵبژێرن بۆ سفرکردنەوەی ئەو کێشەو بەریەککەوتنانەی لە نێوانیاندا هەیە.
دواجار فایەق زێدان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوەو جاسم عەبودی بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەریەتی دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت.
دادگای فیدراڵی لە سەرۆک و جێگرو حەوت ئەندامی هەمیشەیی و چوار ئەندامی یەدەگ پێکدێت، بەپێی یاسا سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە لەلایەن هەریەکە لە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی دیاری دەکرێن.
ئەو دۆخەی دادگای فیدراڵی و گۆڕانکارییەکان لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان بوون دادگاکە فەرمانێکی سالاریی دەربکات بۆ بەردەوامیی ناردنی پارەی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
ململانێکانی نێوان دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق
لە عێراق، گرژییە بەردەوامەکانی نێوان دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری تیشکی خستۆتە سەر قەیرانە قووڵەکانی دامەزراوەیی و دەستوری لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا، ناکۆکییەکان بە پلەی یەکەم لەسەر دەسەڵاتی هەر لایەکیانە و لە دەوری دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی دەستوریی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان دامودەزگا باڵاکانی عێراقدا دەسوڕێنەوە، بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ململانێکان ناکۆکی یاسایی تێپەڕاندووەو پەڕیونەتەوە بۆ ململانێی سیاسیی.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکی لێکدانەوەی دەستوور و بڕیاردان لەسەر دۆسیە دەستوورییەکان، لە کاتێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەرپەرشتی لایەنە کارگێڕییەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەکات، بەڵام دادگای فیدراڵی زیاتر جەختی لەسەر دەسەڵاتەکانی خۆی کردووەتەوە کە لە چەند دۆسیەیەکدا بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەرکی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووەو لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەریش تووشی بەریەککەوتن بووە.
ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ ڕووداوێکی بێ پێشینە لە مێژووی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقدا ڕوویدا، کاتێک دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندەوە لە کاتێکدا بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیەو تانەی لێ نادرێت و لەسەر هەموو لایەک پێویستە جێبەجێی بکات.
ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک بوو کە دادوەرێک لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تۆماری کردبوو بەوەی ڕێگریی لە خانەنشین بوونی دەکات، دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی دادوەرەکە بڕیاریدا، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوەو وتی: ئەو دادوەرە دەستی لەکار کێشاوەتەوەو مافی خانەنشینبوونی نییە.
بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنەوەی دۆسیەی نەوت لە هەرێم و ڕادەستکردنی بە حکومەتی فیدراڵ، یەکێک لەو بڕیارانەی دادگاکەبوو کە مشتومڕی لێکەوتەوەو هەرێمی کوردستان بە تووندی دژی وەستایەوە.
هاوکات بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کە هاوسەنگی هێزی لە پەرلەمان گۆڕی لە دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ کە سەدرییەکان براوەی یەکەم بوون و نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، بووە هۆی تۆمەتبارکردنی دادگاکە بەوە توانیویەتی "حوکمڕانی لەلایەن دۆڕاوەکانەوە" بچەسپێنێت. هەروەها بڕیاری دادگاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، نموونەیەکی دیکەی مشتومڕاوییە لەسەر بڕیارەکانی دادگاکە.