پەرەگراف
پەرلەمانی کوردستان کە ماوەی حەوت مانگە نەیتوانیوە کۆببێتەوە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان، ئەمڕۆ کەوتە پشووی هاوینەوە کە دوو مانگە.
لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە، خولی نوێی پەرلەمان لە 2-12-2024 یەکەم کۆبوونەوەی گرێداو بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆست نەیتوانی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت و ئەو کۆبوونەوەیە تائێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.
لیژنەکانی پەرلەمان پێکنەهێنراون و پەرلەمانتارانی خولی نوێ لەگەڵ وەرگرتنی مووچەو مافەکانیان، بەڵام بێ کارن.
ڕێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمىشی پەک خستووە. دواى زیاتر لە هەشت مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هێشتا حکومەت پێک نەهێنراوە و ماوەیەکى زۆریشە ناکۆکیى ئەو دوو حیزبە لەسەر "دابەشکردنى پۆستەکان" نەک "بەرنامەى حکومەت"، کۆبوونەوەکانى ڕاگرتووە.
مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى، ڕۆژی ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم وتى "لەسەر ئەجێندای حکومەت گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و لەگەڵ یەکێتی بۆچوونی هاوبەشمان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حکومەت هەیە".
دەربارەى هۆکارى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت، مەسروور بارزانى دانى بەوەدا نا کە "بۆچوونی جیاواز لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان هەیە".
مەسروور بارزانى دەشڵێت "دەتوانین حکومەتی زۆرینە پێک بهێنین، بەڵام دەمانەوێت لایەنە سەرەکییەکان هاوبەش بن، بۆ ئەوەی لە کێشە و گرژیی دوور بین".
وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردن
پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکە بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە.
5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.
بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.
سەرباری ئەوەش حەوت حزبی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییەو دەبنە ئۆپۆزسیۆن، تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش هەر لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هاوپەیمانی
سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری ڕەهای یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی.
هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.