پەرەگراف
گفتوگۆی چڕی نێوان شاندی حکومەتی هەریم و حکومەتی عێراق لە بەغداد بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی بەربەستی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوانیان قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتە کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاریان کردووەو نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، حکومەتی هەرێم داوا دەکات حکومەتی عێراق دانەوەی لە ئەستۆ بگرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "هێشتا دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر نەکراوەو بەغداد ئامادەنییە بیداتەوە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەوبارەیەوە کە هەناردەکردنەوەی نەوتی پێوەبەندە".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٠ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان هەردوو حکومەت و چەند کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیش بە بەشداریی کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێناوە، ماوەی ٥ ڕۆژیشە گفتوگۆکان لە هەولێرو بەغداد بۆ هەمان مەبەست چڕ کراونەتەوە.
کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەن دەست بکەنەوە بە هەناردەی نەوت، بە مەرجی پێدانەوەی قەرزەکانی ڕابردوویان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک کە گرەنتی پێدانی شایستە داراییەکانیان بکات لەمەودوا، بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف پێشنیاری ئەوەشیان کردووە کە ئامادەن ئەو یەک ملیار دۆلار قەرزە بە چەند قیستێک وەربگرنەوە بەو مەرجەی پێدانەوەی قەرزەکە مسۆگەربێت و حکومەتی هەرێم یاخود عێراق بیخاتە ئەستۆی خۆی.
ئەوە لەکاتێکدایە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ناردنی پارەن لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لەکاتێکدا پێدەنێینە مانگی حەوتەوە، بەغداد ناردنی پارەی مووچەی گرێداوە بە ڕادەستکردتی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی، لەگەڵ ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم.
سەرچاوە ئاگادارەکەی پەرەگراف دەڵێت "لە کۆبوونەوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لێکتێگەیشتن دروست بووە لەسەر بڕی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ئێستا پرسی هەنادەکردنەوەی نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە بەربەستی سەرەکییە".
بەوتەی سەرچاوەکە "ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر بکرێت و هەناردەی نەوت دەستپێبکات، ڕێککەوتن لەسەر بڕی هەناردەی ڕۆژانەی نەوت ئاسانەو دەکرێت بە چەند قۆناغێک بگاتە ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی لە یاسای بودجەدا دیاریکراوەو دەبێت حکومەتی هەرێم لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بکات".
دوو ساڵ و سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ تورکیا ڕاگیراوەو بەپێی ماڵپەڕی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە کۆمپانیا نەوتییەکانن، زیانی ڕاگرتنی نەوت ٣٢ ملیار دۆلارە لەسەر عێراق.
پێشتر چەندجارێک ڕێککەوتن ڕاگەیەندراوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بە فیعلی نەوت هەناردە نەکراوەتەوە، ڕۆژی 28-02-2025 حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی ڕادەگەیەنن، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا.
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، هەناردەی نەوتی هەرێم بە 185 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەست پێ دەكات و پلە بە پلە زیاد دەكرێت تا دەگاتە بڕی دیاریكراو لە بودجەی گشتی. ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە هەناردەکردنەکەی دەرەوە بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکاردێت.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە.
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کرا، بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەکات، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بوو.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.