وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند
پەرەگراف
وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند و دەڵێت "تووشبووەکە پیاوێکی دانشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێرە، تەمەنی 47 ساڵە و پیشەی قەسابە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، ئەو پیاوە مامەڵەی کڕین و فڕۆشتن و سەربڕینی گەڕۆکی کردووە.
تووشبووەکە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، "تا ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە".
بەپێی ئاماری تەندروستی، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، "تەنیا حەوت حاڵەت"ـی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دەسنیشان کراون، کە حاڵەتێکیان لەبەر قورسیی باری تەندروستیی گیانی لەدەست داوە، حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاک بوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەکات ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەن و لە کاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگادار بکەنەوە.