پەرەگراف
شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەغدایە و دەستی بە كۆبوونەوەكانی كرد. هێشتا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەسەر مووچە نەكراوە و سەرچاوەیەك دەڵێت "ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم چارەنووسی مووچە یەكلا دەكاتەوە". بەڵام سەرچاوەیەكی دیكە ڕایدەگەیەنێت "بەر لە گەیشتن بە ڕێككەوتن، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی هەرێم خەرج دەكرێت".
پاش دوو ڕۆژ گفتوگۆی نێوان شاندی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە هەولێر، شاندەكەی عێراق گەڕایەوە و شاندێكی هەرێمیش دوێنێ گەیشتە بەغدا و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی بە كۆبوونەوەكانی كرد.
شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی كەمال محەمەد، وەزیری بەوەكالەتی سامانە سروشتییەكان و ئەندامێتیی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و چەند ئەندامێكی یاسایی و تەكنیكی، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەسەر پرسی نەوت لە بەغدا ئەنجام دەدەن.
شاندەكەی هەرێم لە نووسینگەی سەرۆكوەیرانی عێراق، ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی نووسینگەی سوودانی و ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجام دەدەن.
گفتوگۆی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ تایبەت دەبن بە چارەسەری لەمپەرەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و پێدانی مافی كۆمپانیاكانی بەرهەمێهنانی نەوت.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتیی باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت و بە ئەندامێتیی پسپۆڕانی یاسایی و تەكنیكی، گفتوگۆی وردیان دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كردووە.
شێوازی گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزی كۆمپانیاكان لای حكومەتی هەرێم و چۆنێتیی پێدانی پارەی دەرهێنانی نەوت بەو كۆمپانیایانە، لەمپەرەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتن و بڕیارە لەم یەكدوو ڕۆژەدا ڕێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت.
سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەمڕۆ گفتوگۆ دەربارەی وردەكاریی ڕادەستكردنی نەوت و پشكی هەرێم بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و چۆنێتیی پێدانی پارەی كۆمپانیاكان، هەروەها پرسی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان لای حكومەتی هەرێم دەكرێت".
كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت، یەك ملیار دۆلار قەرزیان لای هەرێمە، حكومەتی هەرێم دەڵێت، دەبێت حكومەتی فیدراڵ ئەو قەرزە بداتەوە، بەڵام تا ئێستا بەغدا بەوە ڕازی نەبووە.
دوو کێشەى دیکە کە بەغدا داواى چارەسەریان دەکات، ڕادەستکردنى نیوەى کۆى داهاتى نانەوتى و تەواوکردنى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆران (تەوتین)ـە.
هەڵوێستى بەغدا لەبارەى تەوتینەوە لاى مووچەخۆرانى هەرێم بە تەواوى ڕوون نییە، هەرچەندە وا دەردەکەوێت بەغدا پرۆژەى (هەژمارى من)ـى بە تەوتین قبووڵ کردووە و حکومەتى هەرێمش وا دەڵێت، بەڵام کە دێتە سەر باسکردن لە کێشەکان، وەزارەتى دارایى عێراق، حکومەتى هەرێم بە ئەنجامنەدانى تەوتین تۆمەتبار دەکات.
سەبارەت بە داهاتى نانەوتى، حکومەتى عێراق داواى ڕادەستکردنى نیوەى کۆى داهاتى نانەوتیى هەرێم دەکات کە مانگانە دەورەبەرى ١٥٠ ملیار دینار دەکات، بەڵام حکومەتى هەرێم بەگشتى مانگانە دەوروبەرى ٥٠ ملیار دینار ڕادەست دەکات.
سەرچاوەكەی پەرەگراف وتیشی "هێشتا هیچ گفتوگۆیەكی ڕاستەوخۆ دەربارەی مووچە نەكراوە و چارەسەری كێشەی مووچە بەستراوەتەوە بە چارەسەری كێشەی هەناردەی نەوت و ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی".
ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری حكومییەوە دەڵێت "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەكات، دوای ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتیش، مووچەی مانگی شەش دەنێرێت".
ئەو سەرچاوەیە كە ئەمڕۆ 29-06-2025 قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، جەختی كردووەتەوە كە "بەر لەوەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، وەزارەتی دارایی عێراق بە هۆكاری مرۆیی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت".
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "ئەگەر ڕێككەوتنی نەوتی لەنێوان بەغدا و هەولێر یەكلایی بكرێتەوە، بەشی وردبینی و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی شەشدا دەكات كە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی كردووە و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا مووچەی مانگی حوزەیرانیش خەرج دەكرێت".
بە قسەی ئەو سەرچاوە حكومییە ئاگادارە كە ناوی نەهێنراوە، شاندی حكومەتی فیدراڵی بەڵێنیان داوە كە مانگانە مووچەی هەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق خەرج بكرێت، "بەبێ ئەوەی یەك ڕۆژ دوابخرێت"، بە مەرجی ئەوەی "ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێت، حكومەتی هەرێم 50%ی داهاتی نانەوتی ڕادەست بكات و ڕۆژانە ئەو داهاتە بە شێوەی دیجیتاڵی بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ".