هەواڵێکى دڵخۆشکەر بۆ مووچەخۆران

29-06-2025 10:58

پەرەگراف

"لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەكات، دوای ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتیش، مووچەی مانگی شەش دەنێرێت"، ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری حكومییەوە وا دەڵێت.

ئەو سەرچاوەیە كە ئەمڕۆ 29-06-2025 قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، جەختی كردووەتەوە كە "بەر لەوەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، وەزارەتی دارایی عێراق بە هۆكاری مرۆیی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت".

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "ئەگەر ڕێككەوتنی نەوتی لەنێوان بەغدا و هەولێر یەكلایی بكرێتەوە، بەشی وردبینی و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی شەشدا دەكات كە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی كردووە و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا مووچەی مانگی حوزەیرانیش خەرج دەكرێت".

بە قسەی ئەو سەرچاوە حكومییە ئاگادارە كە ناوی نەهێنراوە، شاندی حكومەتی فیدراڵی بەڵێنیان داوە كە مانگانە مووچەی هەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق خەرج بكرێت، "بەبێ ئەوەی یەك ڕۆژ دوابخرێت"، بە مەرجی ئەوەی "ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێت، حكومەتی هەرێم 50%ی داهاتی نانەوتی ڕادەست بكات و ڕۆژانە ئەو داهاتە بە شێوەی دیجیتاڵی بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ".