دەزگای ئاسایشی هەرێم: پیلانی دەستێكی گێرەشێوێنمان بۆ تێکدانى ئارامیى سلێمانى پووچەڵ کردەوە

26-06-2025 03:56

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێم، هۆكاری ڕێگری لە خۆپیشاندان و هەڵمەتی دەستگیركردنەكەی سلێمانی، بۆ "پووچەڵكردنەوەی پیلانێكی دەستێكی گێرەشێوێن" دەگەڕێنێتەوە. بەبێ ناوهێنانى هیچ لایەن و گرووپێکى تۆمەتباریش  دەڵێت "بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران وەك دەرفەتێك بقۆزنەوە، بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی سلێمانی و بەدیهێنانی مەرامە سیاسییەكانی خۆیان".

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لێبوردن لە چالاك و ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی دەكات و ڕایدەگەیەنێت "بۆ پاراستنیان و پووچەڵكردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، ناچاربووین لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەكیان دەستگیر بكەین، كە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەكە نەبوون".

دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم:

هاووڵاتییانی خۆشەویست و دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی.
پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی كار و چالاكیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەكەن كە هەرگیز لە هیچ هەوڵێك درێخییان نەكردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەكان.

وەك لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵكی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێكی دەستێكی گێرەشێوێن بووین كە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەك دەرفەتێك بقۆزنەوە بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاكەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواكارانی هەق، مەرامە سیاسییەكانی خۆیان بەدی بهێنن.

بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان دەستگیر بكەین كە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەكە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیركردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا كردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بكەین و دڵنیایان بكەینەوە كە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان بووە و پاراستنی ئارامی شار.

هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگادار دەكەینەوە كە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانیش وەك هەموو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواكەوتن و نەناردنی موچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێك درێخی ناكەین. جارێكی دیكەش هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە سلێمانی وەك هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەكان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەكانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاوڵاتییانن.