یەکێتیى خانەنشینان نیگەرانە و هۆشدارى دەدات؛ 'بە هیچ شێوەیەک لێبڕینى مووچە قبووڵ ناکەین'

25-06-2025 05:07

پەرەگراف

یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین لە هیچ بارودۆخێكدا خانەنشینان بە لێبڕینەوە مووچەیان پێ‌ بدرێت و بە ناوی خۆگونجاندن و پاشەكەوتەوە مووچەكانیان دەستكاری بكرێت". داواش دەكات مووچەی خانەنشینان "تەوتین" بكرێت و وتەبێژی یەكێتییەكە بە نیگەرانی و سەرسوڕمانەوە دەڵێت "نازانین پرۆسەی تەوتین بۆچی ئەوەندە لە لای دەسەڵاتی ئێمە ترسناكە؟!".

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-06-2025، سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ژمارەیەك داواكاریی خانەنشینانی خستە ڕوو و هۆشداریی دا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە "چارەسەری خێرا بكەن، بەر لەوەی جامی تووڕەیی دەیان هەزار خانەنشین و سەرجەم مووچەخۆران بێتە كوڵ و لێی بڕژێت".

دەستەی باڵای یەكێتیی خانەنشینان داواكارییەكانی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە. لە سەرەتادا داوا دەكات "بە زووترین كات و بە لیستێكی تایبەت، مووچەی چەند مانگێكی ژمارەیەك لە خانەنشینانی دوای تەمووزی 2024 و ئەوانەی لە سەرەتای 2025دا خانەنشین بوون، بدرێت".

یەكێتیی خانەنشینان ئاماژە بەوە دەكات كە "بەشێك لە خانەنشینان كە 11 مانگە خانەنشین بوون، تەنیا چوار مووچەیان وەرگرتووە، بەوهۆیەوە كارەساتی بژێوییان بۆ دروست بووە".

داواكارییەكی دیكە ئەوەیە كە "مووچەی خانەنشینان لە خشتەی مووچەی مانگانە دەربهێنرێت و هاوشێوەی بەغدا لە سەرەتای مانگ و بەر لە 4ـی مانگ پێیان بدرێت و بخرێتە سەر هەژمارە بانكییەكانیان، چونكە خانەنشین ئەركی لە ئەستۆدا نەماوە، پێشتر ئەو پارەیە لە مووچەكەی بڕدراوە و حكومەت قەرزاریەتی".

یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان داوایش دەكات، یاسای ژمارە نۆی خانەنشینی وەكوو خۆی، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، لە هەرێم جێبەجێ‌ بكرێت و "بیانوو و گیروگرفت"ـی بۆ دروست نەكرێت.