مەسروور بارزانى: لەم یەکدوو ڕۆژەدا بەغدا شاندێک بۆ چارەسەرى گرفتى مووچە دەنێرێت

25-06-2025 10:29

پەرەگراف

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و سەرۆکوەزیرانى عێراق قسەى کردووە و ئامادەییان دەربڕیوە لە ماوەیەکى زۆر نزیک و هەر لەم یەکدوو ڕۆژەدا، شاندێک بنێرن بۆ ئەوەى لەگەڵ حکومەتى هەرێم بکەونە "گفتوگۆى ڕاستەقینەوە" بۆ چارەسەرى گرفتى مووچە.

ئەمڕۆ ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، مەسروور بارزانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە هەلێر وتیشى "داهاتی ناوخۆ بەشی مووچەی بکردایە، چاوەڕێی بەغداد نەدەبووین و ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتنیش، بەپێی توانا مووچە دەدەین". هەروەها دانى بەوەدا نا کە "بەهۆی ئەو فشارەی خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بە تەنیا ناتوانین مووچە دابین بکەین". 

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى خەڵکى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت مووچەخۆرانی کرد کە "زۆر پشوودرێژ بوون" لەگەڵ کێشەى مووچەدا و وتى "دەمەوێت خەڵکى هەرێمى کوردستان دڵنیا بکەمەوە کە ژیان و مردنى ئێمە بە یەکەوەیە، ئەوەى لە تواناى خۆم و حکومەتى هەرێمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە بتوانین دەستەبەرى هەموو مافەکانیان بکەین".

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازیی لە هەوڵی هەموو "خێرخوازێک" دەکەن و هیوادارن کە دەچنە بەغداد "داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن".