حکومەتی هەرێم لەسەر مووچە کۆدەبێتەوەو مەسرور بارزانی هەڵوێست ڕادەگەیەنێت

24-06-2025 11:37

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم سبەینێ کۆدەبێتەوەو پرسی مووچە تاوتوێ دەکات، بڕیارە مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی حکومەت لەسەر مووچە ڕابگەیەنێت. 

لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕگەی یەکەم، تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمە، بەتایبەتی مووچەی مووچەخۆران، "کە ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێکی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم راگیراوە، دوا هەوڵەکان لەوبارەوە بۆ چارەسەری ئەو دۆخە."

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێک دەخاتەڕوو، "کە داهات و خەرجییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی چارەسەر و پێشهاتەکان."

دیارنییە سبەینێ هەڵوێستەکەی حکومەتی هەرێم چی دەبێت و ئایا بە پارەی داهاتی ناوخۆ دەتوانێت مووچەی مانگی پێنج دابەش بکات لە کاتێکدا لە کۆتایی مانگی شەشداین و مووچەخۆران لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە کەناڵی ڕووداو وتی: بە دڵنیاییەوە هەرێم تەسلیم نابێت و بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و خۆڕێکخستنەوە دەتوانین بژین.

حکومەتی عێراق دەڵێت "هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجە تەواو کردووە"، بەوەش مووچەی ٨ مانگی ئەمساڵ چارەنووسی نادیارە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بڕیاربوو دادگای فیدراڵی بڕیار لەو پرسە بدات لەسەر سکاڵای ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێم کە داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاریی لە دادگا دەکەن بۆ بەردەوامیی پێدانی مووچەکانیان، پێشتر دادگاکە بڕیاریدابوو کە حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان لە پشکی بودجەی هەرێم بنێرێت و تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی بڕیارەکەی دادگادان و مەسرور بارزانی لەسەر ئەو پرسە نامەی بۆ دادگاکە ناردووە، بەڵام دادگا خۆی کەوتووەتە قەیرانەوەو سەرۆک و ئەندامەکانی داوا دەکەن خانەنشین بکرێن.