پەرەگراف
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیاند. ئیسرائیل ڕازیبوونی خۆی بە پێشنیازەكە ڕاگەیاند و ئێرانیش بە بێدەنگی چووەتە ناو ئاگربەستەوە.
ئەو ئاگربەستەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، لە كاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. سەرۆكی ئەمریكا داوا دەكات "هیچ لایەنێكیان پێشێلی نەكەن".
بینیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەكەی بڵاوی كردووەتەوە، ڕایگەیاند كە پێشنیازەكەی ترەمپی بۆ ئاگربەست پەسەند كردووە.
نەتەنیاهوو جەخت دەكاتەوە "ئیسرائیل بە هەموو ئامانجەكانی گەیشتووە و دوو مەترسیی ئەتۆمی و مووشەكی لەسەر بوونی ئیسرائیل ڕەویونەتەوە".
ئێران تا ئێستا هەڵوێستی فەرمیی ڕانەگەیاندووە، بەڵام هێرشی ڕاگرتووە و بە بێدەنگی چووەتە ناو دۆخی ئاگربەستەوە.
بەرپرسێكی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، قەتەر ڕۆڵی لە سەرخستنی ئاگربەستەكەدا هەبووە و ترەمپ داوای لە میری قەتەر كردبوو كە پێشوەختە ئێران بە ئاگربەست ڕازی بكات.
لە دواین هێرشەكانی نێوانیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەریەك لە ئیسرائیل و ئێران زیانی گەورەیان بە یەكدی گەیاندووە. لە هێرشێكی ئێراندا زیاتر لە پێنج كەس لە ئیسرائیل كوژران و 20ی دیكە بریندار بوون، لە ئێرانیش تەقینەوەی گەورە ڕوویان دا و كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، شەوی ڕابردوو ڕێككەوتنی ئێران و ئیسرائیلی لەسەر ڕاگرتنی شەڕ ڕاگەیاند و وتی "لە شەش كاتژمێری داهاتوودا ئاگربەست ڕادەگەیەنن".
سەرۆكی ئەمریكا پیرۆزبایی لە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئێران كرد بۆ "خۆڕاگری و ئازایەتی و ژیری"یان و وتی "ئەوەی كە دەبێت ناوی بنرێت (جەنگی 12 ڕۆژە)، جەنگێك بوو كە دەكرا بۆ چەندین ساڵ بەردەوامبووایە و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وێران بكردایە، بەڵام وا نەبوو و هەرگیزیش وا نابێت".