زیاتر لە هەزارو ٢٠٠ گەشتی ئاسمانیی لە هەولێرو سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە

23-06-2025 03:34

پەرەگراف

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاند "لە دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوو 1283 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم هەڵوەشاونەتەوە".

تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، 1184 گەشتی ئاسمانیی چوون و هاتن هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەنیا 99 گەشتی چوون و هاتن هەڵوەشاونەتەوە.

ژمارەی گەشتەکان نیشانی دەدات کە ئەو سزایەی تورکیا ماوەیەکی درێژە بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا سەپاندوویەتی، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو.

لە ماوەی 10 ڕۆژدا زیاتر لە 92٪ـی گەشتەکانی هەرێم لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ڕێکخراون، تەنیا نزیکەی 8٪ـی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بووە.