پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو ڕۆژ درێژکرایەوە

23-06-2025 10:23

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی دوو ڕۆژ دریژکردەوەو دەڵێت: ٢٦ی ئەم مانگە کۆتا وادەیەو درێژ ناکرێتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق  بڕیارە لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت، پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان لە ڕێگای بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت، نوێنەری حیزبەکان پێویستە سەردانی بارەگای پارتەسیاسییەکان بکەن لە ئۆفیسی کۆمسیۆن لە بەغداد بۆ وەرگرتنی کۆدی تایبەت، کاندیدی تاکەکەسیش سەردانی ئۆفیسی هەڵبژاردن لە پارێزگاکان بکات بۆ هەمان مەبەست.

کاندیدی سەربەخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی ٥٠٠ دەنگدەرە لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەکەی تابتوانێت خۆی کاندید بکات و لە ڕێگەی بەرنامە ئەلیکترۆنییەکەوە داتاکانیان داخڵ دەکات و پێویستە ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدەران هەبێت.

مەرجەکانی خۆکاندیدکردن، کەسەکە عێراقی بێت و شایستەیی تەواوی هەبێت، ٣٠ ساڵی تەواوکردبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت،

لیستی کاندیدانی حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کاندیدەکانیان بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆمیان هەبێت.

هەروەها دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتاری باش بێت و بەتاوانی ئابڕووبەری یان گەندەڵی دارایی و ئابووری سزا نەدرابێت، هەروەها کاندید نابێت لەڕیزی هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بێت، نابێت ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و خولی پێشووتر.