هەڵوێستى چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق لەسەر مووچە

22-06-2025 08:13

پەرەگراف

چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.

چوار سەرۆكایەتییەكە ئەمشەو لە بەغدا سەبارەت بە پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرسی مووچە كۆبوونەوە. دوای كۆبوونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆیان لە بەئامانجكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەربڕی و داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

سەبارەت بە كێشەی مووچە، لە بەیاننامەی چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی دابینكردنی پارە بۆ مووچە لە هەرێمی كوردستان كرا، چوار سەرۆكایەتییەكە داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات".

لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆمار و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیشیان لە "چارەسەرى كێشەكانی دیکە بەپێی دەستوور و یاسا" کردووەتەوە.