وەزیری بەرگری ئەمەریکا: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان لەناوبرد

22-06-2025 01:57

پەرەگراف

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی وڵاتەکەی، "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەناوبردووە".

پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، هیچ سەرۆکێک جورئەتی نەبوو لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بدات، سەرۆک ترەمپ کردی.

هێگسەس ئەوەشی خستەڕوو، زۆر بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە، "هێزە دەریاییەکانمان 25 مووشەکیان لە ئێران دان و 7 بۆمبهاوێژ هێرشەکەیان ئەنجامدا".

وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداریی ئەوەشی دا، هەر هێرشێکی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە، وەڵامی تووندی بەدوادادێت.

شەوی ڕابردوو ئەمەریکا چووە ناو شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بە 6 فڕۆکەی B-2 هەڵگری بۆمبی شاخشکێن و مووشەکی تۆماهۆک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکان بەردەوام بوو لە هەڕەشەکردن لە ئێران و ڕایگەیاند، هەر تۆڵەکردنەوەیەک لەلایەن ئێران لە دژی ئەمەریکا، بەهێزێکی گەورەتر لەوەی ئەمشەو وەڵام دەدرێتەوە.

ترمپ دەشڵێت "هێرشەکەمان بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەربوون و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوەتی وێرانکران و سڕانەوە".

"ئێستا کاتی ئاشتییە و ئێران پێویستە بە ڕاگرتنی جەنگ ڕازی ببێت. ئەگەر ئێران جەنگ ڕانەگرێت لێی دەدەینەوەو لێدانی ئەمجارەمان وێرانکەرتر دەبێت" ترەمپ وای وت.

لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: بۆ ئێمە ئێستا جەنگ دەستی پێکرد.