پەرەگراف
حکومەتی عێراق نیگەرانیی قوڵی دەربڕی لە هێرشەکەی ئەمەریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئیدانەی دەکات.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو پەرەسەندنە سەربازییە "هەڕەشەیەکی مەترسیدارە" بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
"عێراق بەتەواوی بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رەتدەکاتەوە و داوای رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و هێرشنەکردنەسەر دامەزراوە گرنگەکان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان و بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێندرێن" عەوادی وادەڵێت.
دەشڵێت "چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بێت و بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتەهۆی پەرەسەندنێکی مەترسیدار کە دەرەنجامەکانی سنووری هەموو وڵاتێک تێدەپەڕێنێت و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت و جەنگەکان جگە لە وێرانکاری شتێکی دیکە بەجێناهێڵن".
شەوی ڕابردوو ئەمەریکا چووە ناو شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بە 6 فڕۆکەی B-2 هەڵگری بۆمبی شاخشکێن و مووشەکی تۆماهۆک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکان بەردەوام بوو لە هەڕەشەکردن لە ئێران و ڕایگەیاند، هەر تۆڵەکردنەوەیەک لەلایەن ئێران لە دژی ئەمەریکا، بەهێزێکی گەورەتر لەوەی ئەمشەو وەڵام دەدرێتەوە.
ترمپ دەشڵێت "هێرشەکەمان بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەربوون و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوەتی وێرانکران و سڕانەوە".
"ئێستا کاتی ئاشتییە و ئێران پێویستە بە ڕاگرتنی جەنگ ڕازی ببێت. ئەگەر ئێران جەنگ ڕانەگرێت لێی دەدەینەوەو لێدانی ئەمجارەمان وێرانکەرتر دەبێت" ترەمپ وای وت.
لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: بۆ ئێمە ئێستا جەنگ دەستی پێکرد.