ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق بۆچی دەستیان لەکار کێشایەوە؟

19-06-2025 01:01

پەرەگراف

شەش ئەندامی سەرەکی لە کۆی نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی عێراق کە یەکێکیان کوردەو پشکی یەکێتییە لەگەڵ سێ ئەندامی یەدەگی دادگاکە لە کۆی چوار ئەندام، هەڵوێستیان لە دژی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگاکە وەرگرت و دەستیان لەکار کێشایەوە، بەوەش مووچەی هەرێمی کوردستان گێژاوێکی دیکەی بۆ دروست بوو.

سەرچاوەیەک لە بەغداد زانیارییەکانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوەو وتی "دادوەرەکان دەستکارکێشانەوەکەیان پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کردووەو پێشکەشی سەرۆکی دادگای فیدراڵییان نەکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە ناکۆکی هەیە لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی".

"هەڵوێست وەرگرتنی دادوەرەکان سیاسییەو ئەوەیان کردووە بە پاساو کە سەرۆکی دادگا پرسی دۆسیەی خور عەبدوڵای خستووەتە بەرنامەی کاری دادگاکە هاوشانی دەرکردنی فەرمانسالاریی بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

دۆسیەی خور عەبدوڵا دیاریکردنی سنوریی ئاویی نێوان عێراق و کوەیتەو یەکێکە لە دۆسیە مشتمڕاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کوەیت داوای هەندێک خاڵی گرنگی ئاویی دەکات لە عێراق کە بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشووتر عێراق داویەتی بە کوەیت، بەڵام ڕێککەوتنەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکراو ساڵی ٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی عێراق هەڵیوەشاندەوە، ئەوەش دابەشبوونی لەناوخۆی عێراق دروست کردو هەندێک پشتیوانی دادگای دادگای فیدراڵی و هەندێکی دیکە لە دژی وەستانەوە، پاشان کوەت ناڕەزایی تووندی پیشانداو هەوڵ و فشارە دیبلۆماسییەکانی چڕکردەوە بۆ گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، ساڵی ڕابردووش هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق بە جیا تانەیان پێشکەشی دادگای فیدراڵی کرد بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشتری و گەڕانەوەی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کوەیت، دادگای فیدراڵی هێشتا بڕیاری لە تانەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار نەداوە.

دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانن دادگاکە فەرمانێکی سالاریی دەربکات بۆ بەردەوامیی ناردنی پارەی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "دادوەرەکان سەرباری پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت دەتوانن کۆببنەوەو فەرمان سالارییەکە دەربکەن، هەرچەندە هەڵوێستەکەیان وادیارە بەشداریی کۆبوونەوە ناکەن، بەوەش چارەنووسی مووچە نادیارە".