ئاڕاستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکەن بزووتنەوەی گۆڕان سڕ بکات
پەرەگراف
ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان کە ئاڕاستەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە، نووسراوێکیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کردووەو تێیدا داوا دەکەن چالاکییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سڕ بکات.
نووسراوەکە ١٧ی ئەم مانگە لە لایەن یاسین حەمەعەلی ڕێپێدراوی ئاڕاستەی گردی زەرگەتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمسیۆن ئاڕاستەی کۆمسیۆن کراوەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە نەتوانراوە دوو جار کۆنفرانس ببەسترێت، هەربۆیە داوا کراوە چالاکییە سیاسییەکانی بزووتنەوەکە سڕ بکرێت تا لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی دروست دەبێت بۆ بەستنی کۆنفرانس.

ئەو داواکارییە لەکاتێکدایە، ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید داوایان لە کۆمسیۆن کردووە کۆنفرانسەکەی ڕۆژی ٢٤-٥-٢٠٢٥ هەژمار بکرێت، هەرچەندە ئەو کۆنفرانەش دواخراو نەبەسترا، بەڵام ئاڕاستەی کوردستان دەڵێن، لەبەرئەوەی کۆمسیۆن خۆی ئامادەبووەو دانی بەوەداناوە ئەوان زۆرینەبوون و بەهۆی پشێویی ئاڕاستەی گردی زەرگەتەوە دواخراوە، پێویستەی کۆنفرانس هەژمار بکرێت و بۆئاڕاستەی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.
نوێنەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە ناو کۆنفرانسەکەی ٢٤-٥ دەستی بۆ شوێنی ئاڕاستەی گردی زەرگەتە ڕاکێشا و ڕایگەیاند: بەهۆی لایەنی کاک یاسین و ئەو پشێوییەی لێرە دروست کرا کۆنفرانس دواخرا.
ئەو کۆنفرانسە دوای ئەوەهات پێشتر دوو کۆنفرانس بەجیا لەلایەن هەردوو ئاڕاستەی کوردسات و گردی زەرگەتە بەسترا کە هیچیان سەرکەوتوو نەبوون و کۆمسیۆن پەسەندی نەکردن.
بەپێی سەرچاوەکانی پەرەگراف کە بەشداربوونی کۆنفرانسە هاوبەشەکەی گۆڕانن، زۆرینەی ئامادەبووان لە ئاڕاستەی كوردسات بوون و ئەو ئاراستەیە بەنیازبوو هەر ئەوڕۆژە ڕێكخەری گشتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئاراستەی گردی زەرگەتە پرۆژەی جیاوازی هەبوو، هەڵبژاردنی ڕێكخەری لەناو كۆنفرانسەكە ڕەت دەكردەوە.
سەدان ئەندامی بزووتنەوەكە كە ناویان لەناو لیستی دەستەی گشتیدایەو ساڵی ٢٠١٧ دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڕان بوون، ئامادەی كۆنفرانسەكەن بوون و بەسەر هەردوو ئاڕاستەکەدا دابەش بووبوون و لەناو هۆڵەكەدا بە جیا دانیشتبوون.
لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕان تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا و ئێستا یەک پەرلەمانتاری هەیە کە لەگەڵ ئاڕاستەی کوردساتە.
هەروەها لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدرا گۆڕان بە شکستێکی گەورە لێی هاتەدەرەوەو لە سەدا سەدی هەر 5 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراقی لە دەستداو بە هەر حەوت كاندیدەكەی كە لە هەولێرو سلێمانیو كەركوك هەیبوو، تەنها 18 هەزارو 358 دەنگیان بەدەست هێناو هیچیان دەرنەچوون.
لەدوای ئەو هەڵبژاردنەش ناکۆکییەکی نوێ لەناو گۆڕان و لە نێوان ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی و کوڕانی نەوشیروان مستەفا سەریهەڵداو سەرجەم هەوڵەکانی بزووتنەوەکە بۆ گەڕاندنەوەی ناڕازییەکان شکستیان هێناو نەیتوانی ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە بەرۆکی گۆڕانیان گرتووەو لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە بوون بەهۆی جیابوونەوەی چەندین کەسایەتی و گروپ.
سەرچاوە ئاگادارەکان کە پێشتر بۆ پەرەگراف قسەیانکرد، شکستی سەرجەم هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ناڕازییەکان و بەرپرسانی پێشووی گۆڕان بۆ دوو پرسی سەرەکی دەگەڕێننەوە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بە کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە هەیە هەر لە ڕۆڵ و پێگەی سیاسی و خاوەن بڕیارییان و پەیوەندی ماڵیی و داراییان لەگەڵ بزووتنەوەکە بەتایبەت خاوەنداریی گردی زەرگەتەو کۆمپانیای وشە، دووەمیان پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسی گۆڕانەوە هەیە بە کشانەوەی لە حکومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنێکی جددی و کاریگەر، بۆ هیچ کام لەم دوو پرسە ناڕازییەکان ڕازی نەکران بۆ گەڕانەوەیان.
لەبارەی خاوەندارێتی گردی زەرگەتە کە بە ناوی کوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیەو زیاتر لە ١٢٢ دۆنمە، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف کوڕانی نەوشیروان مستەفا پێیانوانییە پرسی خاوەندارێتی گردەکە بەشێک بێت لە کێشەکانی گۆڕان و هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردن، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەک پرسێکی جددی گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکەن، بە پێچەوانەوە بەڵام لای ناڕازییەکان و ئەوانەی لە گۆڕان دوورکەوتوونەتەوە ئەوە پرسێکی جددی سەرچاوەیەکی کێشەکانە.
گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو هەڵبژاردنی ئەمساڵ سەنگی مەحەکە بۆی، بە هەستانەوە، یاخود لاوازبوونی تەواوەتی تا ڕادەی نەمان، ئەوە لەکاتێکدا دێت تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراقو كوردستاندا(لە 2009 بۆ 2013) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتیو یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە یەکەم هەڵبژاردن لە ٢٠٠٩ پارتی و یەکێتی تووشی شۆک کردو ٢٥ کورسی لە پەرلەمان بە دەست هێنا.
بەڵام تەنها چوار ساڵ وەک ئۆپۆزسیۆن بڕی کرد و دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لە حكومەتدا كرد.
لەوکاتەوە سەرەتای لاوازبوونی گۆڕان دەستی پێکرد و لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2018 نیوەی دەنگەكانی لەدەستداو تا ئەمڕۆ بەرەو لێژیی دەڕوات و زۆرینەی ئەوانەی دەنگدەری گۆڕان بوون ئێستا لێی کشاونەتەوە.
جیاواز لە حیزبەكانی دیكە، جەماوەری گۆڕان بۆ پلەو پۆستو پارە، یاخود بە هۆی دینو ئایدۆلۆجیاوە وابەستەی ئەو بزووتنەوەیە نەبوون، بەپێچەوانەوە زۆریان تەنانەت بە پارەو پۆستیش ئامادەنەبوون جێی بهێڵن، ئەوان بە ئومێدی جیاوازبوون لە پارتیو یەكێتیو بۆ گۆڕانكارییو باشتركردنی ژیانو بەڕێوەبردن لە كوردستان دوای ئەو بزووتنەوەیە كەوتن، بەڵام ئێستا ئەو ئومێدەیان نەماوە.