بانگەواز و هۆشدارییەک لە سیستانییەوە بۆ جیهان

19-06-2025 07:26

پەرەگراف

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، هۆشدارى لەبارەی مەترسیى فراوانبوونی شەڕى ئیسرائیل-ئێران دەدات و داوا دەكات دەستبەجێ گفتوگۆ بكرێت. بازگەواز ئاراستەى جیهان دەکات کە چارەسەرێكی "ئاشتییانە و دادپەروەرانە" بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بدۆزرێتەوە.

لە پەیامێكدا كە ئەم بەیانییە نووسینگەكەی بڵاوی كردەوە، سیستانی سەربارى ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەشڵێت "جگە لەوەی پێشێلكارییەكی ئاشكرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەكان و پێشێلكارییەكی زەقی دابوونەریت و یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بۆ دۆخی تەواوی ناوچەكەیش ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە".

"ڕەنگە دۆخەكە بە تەواوەتی لە كۆنترۆڵ دەربچێت و پشێوییەكی گەورە دروست بێت كە ئازار و مەینەتیی گەلانی ناوچەكە زیاتر دەكات و تا دوورترین ئاست زیان بە بەرژەوەندییەكانی هەمووان دەگەیەنێت"، عەلی سیستانی وا دەڵێت.

مەرجەعی باڵای شیعە بانگەواز لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە كاریگەرەكان و وڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتە ئیسلامییەكان دەكات "هەموو توانایەكی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە ستەمكارانەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەپێی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی".