پەرەگراف
عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران، لە پەیامێكی نوێدا هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەكات و هۆشداریش دەدات بە ئەمریكا. دەشڵێت "خۆڕاگرانە لە بەرانبەر جەنگ و ئاشتیی سەپێندراو دەوەستینەوە".
خامنەیی لە پەیامێكی تەلەفزیۆنیدا كە پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 18-06-2025 بڵاو كرایەوە، هۆشداریی دا و ڕایگەیاند "پێویستە ئەمریكییەكان بزانن كە هەر دەستێوەردانێكی سەربازیی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا، لەسەدا سەد بەزیانی ئەوە. بێگومان دەستوەردانی، زیانێكی قەرەبوونەكراوەی بەدوادا دێت".
خامنەیی لە وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپدا كە داوای خۆبەدەستەوەدانی لە ئێران كرد، سەرسوڕمانی نیشان دا و وتی "سەرەتا با هەڕەشە لە كەسێك بكەن كە لە هەڕەشەی ئەوان دەترسێت" و جەختی كردەوە "هەڕەشە كاریگەریی لەسەر ڕەفتاری میللەتی ئێران نابێت".
عەلی خامنەیی وتیشی "میللەتی ئێران لە بەرانبەر جەنگی سەپێندراودا خۆڕاگرانە دەوەستێتەوە، بە هەمان شێوە بە بەهێزی لە بەرانبەر ئاشتی (ئاگربەست)ـی سەپێندراودا دەوەستێتەوە". جەختیشی كردەوە كە "ئەم میللەتە لە بەرانبەر سەپاندندا، تەسلیمی هیچ كەسێك نابێت
"كەسانێكی ژیر و هۆشیار كە میللەت و مێژووی ئێران دەناسن، هیچ كاتێك بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ ئەم میللەتە نادوێن، چونكە میللەتی ئێران تەسلیم نابێت"، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران وا دەڵێت.
هەروەها عەلی خامنەیی هەڕەشەی لە ئیسرائیل كرد و وتی "دوژمنی زایۆنی هەڵەیەكی گەورەی كرد و دووچای تاوانێكی گەورە بووە، دەبێت سزا بدرێت". بە قسەی ڕابەی ئێران، سزادانی ئیسرائیل لەلایەن هێزە سەربازییەكانی ئێرانەوە "دەستی پێ كردووە و بەردەوامە و پلانیش بۆ ئایندە هەیە".
دەربارەی بەشداریی ئەمریكا لە هێرشەكەی ئیسرائیلدا، عەلی خامنەیی لە پەیامەكەیدا دەڵێت "هەر لە سەرەتاوە هەست بەوە دەكرا كە ئەمریكا دەستی لە هێرشەكەدا هەیە، بەڵام بەم قسانەی ئەمانە (بەرپرسانی ئەمریكا) بەمدواییانە دەیكەن، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو بۆچوونە بەهێز دەبێت".
خامنەیی پێی وایە هێرشەكانی ئێران، ئیسرائیلی "لاواز" كردووە و دەڵێت "هەر ئەوەی كە دۆستە ئەمریكاییەكانیان دێنە گۆڕەپانەكەوە، نیشانەی لاوازی و كەمتوانایی ڕژێمی زایۆنییە".
خامنەیی كە پەیامەكەی بە سوپاسكردنی خەڵكی ئێران دەست پێ كرد بۆ هەڵوێست و خۆڕاگرییان، بە داواكارییەكیش بۆ خەڵك كۆتایی پێ هێنا و وتی "مەهێڵن كە دوژمن هەست بەوە بكات كە ئێوە لە بەرانبەریدا دەترسن و هەست بە لاوازی دەكەن. ئەگەر دوژمن هەست بەوە بكات كە ئێوە لێی دەترسن، ئیتر یەخەتان بەرنادات".