كاروانی تەمەن، كاروانی پڕ لەشانازیی جەلالی سام ئاغا بڵاوکرایەوە

17-06-2025 07:05

پەرەگراف

كاروانی تەمەن، نوێترین كتێبی كەسایەتیی ناسراوی كورد جەلالی سام ئاغا-یە، كە لەدووتوێی 278 لاپەڕەی رەنگاورەنگ چاپ و بڵاوكراوەتەوە كە پێكهاتووە لە ژیاننامە، وێنە، دیمانە، دیكۆمێنت و بەڵگەنامە.

جەلالی سام ئاغا، بە یەكێك لە كەسایەتییە ئەمین و دەستپاك و راشكاوەكانی كوردستان دادەنرێت و لە ژیانی وەزیفی خۆیدا هەمیشە بە یەكێك لە كەسایەتییە راستگۆكان دادەنرێت و نموونەی ئیدارەدانێكی سەركەوتوو بووە لە هەموو قۆناغەكاندا.

لە پێشەكی كتێبەكەدا، جەلالی سام ئاغا دەڵێت: دەتوانم بڵێم لە زۆربەی ئەم وانانەدا كۆششم كرد تا سەركەوتوو بووم، هۆكاری سەركەوتنم چەند شتێك بوو، هەرگیز رق لە دڵ نەبووم، بۆ خۆم ژیام، بۆ قسەی خەڵك نەژیام، توانجەكانی خەڵك ساردی نەكردمەوە، تا كۆڵ لە ئامانجەكانم بدەم، بۆنی خۆشی بۆ خۆژیان فێری كردم، ئارامیی مرۆڤەكان لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە ئارامیی كەسێكی تر نەخەیتە مەترسییەوە، روانین بۆ لووتكە ئاسان نییە، بۆ مرۆڤی بوێریش مەحاڵ نییە، من هەمیشە بۆ لووتكە روانیومە، حەزم وابووە بەدەوری كارەكتەری خۆم بگەمە لووتكە و تەمسیلی كەس نەكەم.

هەروەها جەمال لۆلۆ، وەكو ئامادەكاری كتێبەكە، پێشەكییەكی نووسیوە و لەبارەی كەسایەتی جەلالی سام ئاغا، دەڵێت: جەلالی سام ئاغا یەكێكە لەو كارەكتەرە دانسقە بێ‌ گرێ‌ و گۆڵانەی ناو بواری بەڕێوەبردن و دامودەزگای دەوڵەتی، كە هیچ كەس ناتوانێ‌ گومان لە پاكی و بێ‌ گەردی بكات.

كتێبی كاروانی تەمەن، جگە لە ژیاننامەی جەلالی سام ئاغا، چەندین وێنەی بنەماڵە و هاوڕێ‌ و هاوپیشەكانی ناوبراوی تێدایە، هەروەها كۆمەڵێك دیكۆمێنتی تێدایە كە بریتین لەو  ناسنامە و بڕوانامانەی وەریگرتوون لەو ساڵانەی كە لە وەزیفەدا بووە. بەشی كۆتایی كتێبەكەش كۆمەڵێك نامە و بەڵگەنامە لەخۆدەگرێت كە بەشێكی نامەكان جەلالی سام ئاغا خۆی بۆ كەسایەتییەكانی نووسیوە، بەشەكەی تریشی ئەو نامانەن كە لەلایەن كەسایەتییەكانەوە بۆی هاتووە.

جەلالی سام ئاغا، لە ساڵی 1941 لە سلێمانی لەدایكبووە و لە ساڵی 1963 كۆلێجی بازرگانی و ئابووریی زانكۆی بەغدای تەواوكردووە و پاشان لە( 1965-1966) كۆلێجی ئەفسەرانی ئیحتیاتی تەواوكردووە. لە ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی كوردستان، بۆ ماوەی هەشت ساڵیش تا 2011 سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە و دواتر بەخواستی خۆی دەستی لەكاركێشاوەتەوە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە هەموویان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.