ئەمەریکا بنکەی فۆردۆی ئێران وێران دەکات؟

17-06-2025 10:17

پەرەگراف

بنکەی فۆردۆی ئێران کە کلیلی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەیەو ئیسرائیل چاوی لە وێرانکردنیەتی و بەبێ لەناوبردنی ئەم بنکەیە دڵی ئاو ناخواتەوە، بەڵام ئەوکارە بەخۆی ناکرێت و تەنها لە توانای ئەمەریکادایە.

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە ناوچەی شاخاویی فۆردۆ لە شاری قوم بە دوریی 95 کیلۆمەتر لە تاران و بە قوڵایی تا 900 مەتر لە ژێر زەویی شاخەکەدا دورستکراوە تا پارێزراوبێت لە هێرش.

بنکەکە سەدان ئامێری سەنترفیوژی تێدایە کە ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمەو ڕێژەی پیتاندن لە فۆردۆ گەیشتووەتە لەسەدا 60، ڕێژەکە بگاتە لەسەدا 90 دەتوانرێت چەکی ئەتۆمی پێ دروست بکرێت.

هێرشەکانی ئیسرائیل کە زیاتر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانی بەئامانج گرتووە، ناتوانێت زیان بە فۆردۆ بگەیەنێت بەهۆی سەختیی و قوڵیی بنکەکە لەژێر زەویدا.

لەناوبردنی فۆردۆ پێویستی بە مووشەکی حەشارشکێنە کە تەنها ئەمەریکا هەیەتی و فڕۆکە زەبەلاح و پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا دەتوانن ئەو جۆرە مووشەکە هەڵبگرن و ئامانجەکانیان لە قوڵایی ژێرزەویدا لەناو ببەن.

ئیسرائیل چاوی لەوەیە ئەمەریکا فۆردۆی بۆوێران بکات، بەڵام هێشتا ترەمپ ئەو بڕیارەی نەداوە کە بەشداریی لە شەڕەکەدا بکەن، هەرچەندە ئاماژەکانی ئەمەریکا بۆئەوکارە دەرکەوتوون و هەندێک زانیاریی میدیاو بەرپرسانی ئیسرائیل باس لە سوپرایزی گەورە دەکەن، کە پێدەچێت بەشداریی ئەمەریکاو وێرانکردنی فۆردۆ بێت.

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆبوونەوەی G7ـی بەجێ هێشت و گەڕایەوە کۆشکی سپی بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە لەبارەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ترەمپ بۆ کارکردن لەسەر ئاگربەست گەڕاوەتەوە.

بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا وەڵامی دایەوە و وتی "ماکرۆن بە هەڵە وای وتووە و ئەو نازانێت من بۆچی گەڕاومەتەوە".

ترەمپ دەشڵێت "گەڕانەوەم هیچ پەیوەندیی بە ئاگربەستەوە نییە و بۆ شتێکی زۆر گەورەتر لەوەیە".