پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی هۆشداریی دەدات کە ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی شەڕ دەدات لە ناوچەکە بە ئامانجی "دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەو وتانەی سوودانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک دیبلۆماتکار و نوێنەری وڵاتانی بیانیی لە بەغداد، سوودانی هاودەنگی عێراقی لەگەڵ ئێران دووپاتکردووتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا کردووە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل-ئێران و چارەسەری ئاشتییانە لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانەوە.
سوودانی جارێکی دیکە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل وەستاوەو جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکان هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراقیش.
ئەوە لەکاتێکدایە هێرشی مووشەکیی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکتر لە چوارەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.