پەرەگراف
سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو جەخت لە "چارەسەرکردن بەپێی یاسا" دەکەنەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، د.لەتیف رەشید لە بەغدا پێشوازی لە دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە.
"لە دیدارەکەدا تاوتوێی رێگەکانی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و دادگای باڵای فیدراڵی کرا بۆ گەیشتن بە تەواوکاری لەنێوان دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کە بە گەرەنتیی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان دادەنرێت" سەرۆکایەتی کۆمار وادەڵێت.
دەشڵێت "سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیە مرۆییە کردەوە، بەپێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".
لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای فیدراڵی، جەختی کردووەتەوە کە دادگای فیدراڵی ئەرکەکانی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی و مافەکانی گەل مسۆگەر بکات و یەکڕیزیی نیشتمانی پتەوتر بکات؛ هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە "پێویستە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت".