پەرەگراف
پاش دەستپێكە لەناكاوەكەی هێرشی ئیسرائیل و وەڵامە خێراكەی ئێران، دوو ڕۆژە هەردوو وڵات بەردەوام خاكی یەكدی بۆردوومان دەكەن و سەدان كوژراو و برینداری بەدوادا هاتووە، ئەمە سەرباری زیانە بەرگرى و ماددییەكان، بەڵام تا ئێستا زیانەكانی تاران زۆر زیاترن. بۆ بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ئاگری شەڕەكە بۆ سەر خاكەكەی، عێراق داوایەكی ئاراستەی ئێران كرد.
لە دوایین لێدوانیاندا، سەرۆككۆماری ئێران هەڕەشەی "وەڵامی توندتر و بەهێزتر"ـی بۆ سەر ئیسرائیل كرد، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلیش هەڕەشەی چڕكردنەوەی هێرشەكانی كرد و ڕایگەیاند، ئەوەی ئەنجامیان داوە، بەراورد بەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی دەدەن، هیچ نییە.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ئەگەر ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) بوێریی دووبارەكردنەوەی ئەو دەستدرێژییانەی هەبێت، ڕووبەڕووی وەڵامێكی توند و بەهێزتری هێزە چەكدارەكانی ئێران دەبێتەوە".
دواتریش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ هەڕەشە و جەختكردنەوە لەسەر بەردەوامیی هێرشەكانیان، ڕایگەیاند "ئەوەی تا ئێستا ڕژێمی ئێرانی هەستی پێ كردووە، هیچ نییە بەراورد بەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مشتە بەهێزەكانمان شاهێدی دەبن".
هێرشەكان كە لە بەرەبەیانی هەینی 13-06-2025ـەوە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستیان پێ كرد، شەوی ڕابردوو بە وەڵامدانەوەی ئێران فراونتر بوون. تەلئەبیب بە فڕۆكە و تاران بە مووشەكی بالیستی، دەیان ئامانجیان بۆردومان كردووە. ئێران ژمارەیەكی زۆر بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمیی لەدەست داوە، بە پێچەوانەی ئیسرائیل كە هیچ بەرپرسێكی باڵای نەكوژراوە.
هێرشەكانی سەر ئێران كە وا دەردەكەوێت ئامانجی سەرەكیی ملپێكەچكردنی بێت بە داواكارییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ دەستبەردەربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بووە هۆی ڕاگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكان كە بڕیار بوو سبەینێ گەڕی شەشەمی بەڕێوە بچێت.
ئێران لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا، سەدان مووشەكی بالیستیی جۆراوجۆی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، كە زۆرینەیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە، بەڵام بەشێكیان سیستەمەكەیان تێپەڕاندووە و وێرانكارییان لە تەلئەبیبی پایتەخت دروست كردووە، هەروەها زیانی گیانییشیان بەدوادا هاتووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران "200" مووشەكی ئاراستە كردوون، سیستەمی بەرگرییان توانیویەتی "150" مووشەكیان لە ئاسماندا بتەقێنێتەوە، بەڵام "50" مووشەكیان سیستەمەكەیات تێپەڕاندووە و كەوتوونەتە سەر خاكی وڵاتەكەیان.
بەپێی ئەو ئامارانەی كە میدیای ئیسرائیل بڵاوی كردوونەتەوە، لە هێرشەكانی ئێراندا تەنیا "چوار" كەس كوژراون، بەڵام نزیكەی "200" كەس بریندار بوون.
هاوكاتی هێرشەكانی ئێران، ئیسرائیلیش لە هێرش بۆ سەر ئامانجەكانی ئێران بەردەوام بوو. بەتایبەت ئامانجە سەربازییەكان و بەتایبەتتریش ئەمڕۆ سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكی كردە ئامانج.
ئێران تا ئێستا ناسنامەی زیاتر لە 10 فەرماندەی سەربازیی باڵای ئاشكرا كردووە كە لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا كوژراون، لەگەڵ نۆ شارەزا و زانای فیزیایی و ئەتۆمی. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت "نۆ زانای ئەتۆمی و زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازیی ئێرانمان كوشتووە".
زیانە گیانییەكانی لە ئێران زۆر زیاترن. هەرچەندە ئاماری فەرمیی گشتی نییە، بەڵام بەپێی هەندێك ئامار كە تا ئێستا بڵاو كراونەتەوە، ئاماری كوژراوان نزیكی 200 كەس و برینداران لە دەوروبەری هەزار كەسدایە.
ئێران كە پێی وایە لە پاڵ ئەمریكادا، هەندێك لە دەوڵەتانی ئەورووپایش پاڵپشتیی ئیسرائیل دەكەن، پەیامێكی ئاراستە كردن و هۆشداریی بە ئەمریكا، بەریتانیا و فەرەنسا دا كە لە كاتی هێرشەكانی وەڵامدانەوەی ئێراندا، بۆ بەرگریكردن لەخۆ یارمەتیی ئیسرائیل نەدەن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، ئێران هەڕەشەی لەو وڵاتانەوە كردووە كە ئەگەر هاوكاریی ئیسرائیل بكەن، بنكە سەربازی و كەشتییەكانیان لە ناوچەكەدا دەكاتە ئامانج.
پاش دوو ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوە، بەرپرسانی هەردوو وڵات هەڕەشە لە یەكدی دەكەن. سوپای پاسدارانی ئێران پاش زنجیرەیەك هێرشی مووشەكی ڕایگەیاند، هێرشی داهاتوویان بە 2000 مووشەك ئەنجام دەدەن. لە وەڵامیشدا ئیسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریی بە ئێران دا كە ئەگەر لە هێرشی مووشەكی بەردەوام بن، ئەوا بە هێرشەكانیان تارانی پایتەخ "دەسووتێنن".
لەم نێوەندەدا، عێراق ترسی لە تەشەنەسەندنی شەڕەكە و تێوەگلانی هەیە، بەتایبەت كە ئەگەری ئەوە كراوەیە ئێران بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بكاتە ئامانج.
بەرپرسێكی باڵای عێراق بە فرانسپرێسی ڕاگەیاندووە، داوایەكیان ئاراستەی ئێران كردووە بۆ ئەوەی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق نەكاتە ئامانج. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە، ئێران لە وەڵامدا "بەڵێنی ئەرێنی" داوە.