ئێران دانوستانە ئەتۆمییەکانى هەڵپەسارد

14-06-2025 01:00

پەرەگراف

وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندنەوەى گەڕی شەشەمى دانوستانە ئەتۆمییەكانى ڕاگەیاند و دەڵێت "سەرنجى ئێستاى ئێران لەسەر دەستدرێژییەکانى دوژمنەکە". ئێران، ئەمریكایش تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "بەلای كەمەوە" گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵكردووە و دەڵێت "كارێكی كرد كە بەشێوەیەكی كرداری واتایەك بۆ گفتوگۆ و دانوستان نەمێنێتەوە".

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەكەی ڕایگەیاند "بۆ ئێران و تەنانەت هیچ كەسێكیش لە جیهاندا، پێشبینیكراو نییە كە ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) بەبێ‌ هاوكاری و هەماهەنگی، یان بەلای كەمەوە گڵۆپی سەوزی ئەمریكا، دەستدرێژییەكی شەڕانگێزانەی لەو شێوەیە لە ناوچەكەدا ئەنجام بدات".

ئیسماعیل بەقایی دەشڵێت "ناكرێت (ئەمریكا) بانگەشەی گفتوگۆ و دانوستان بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەسەر بابەتێك بكات، هاوكات لەسەر بنەمای ڕۆڵ و كاردابەشكردن ڕێگە بدات ڕژێمێكی ڕەگەزپەرست (ئیسرائیل) دەستدرێژی بكاتە سەر تەواوی خاكی (ئێران)".

بەقایی جەختی كردەوە، بەرپرسیارێتی و لێكەوتەكانی ئەم "دەستدرێژییە نالۆژیكی و نایاسایی"ـە ئیسرائیل، لە ئەستۆی ئەمریكایە.

"هەر لە بنەڕەتەوە خواستی بەردەوامی ڕژێمی زایۆنی ئەوە بووە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا پەلكێشی ململانێ‌ و پێكدانان لە ناوچەكە بكات، وا دەردەكەوێت ئەمجارەیش سەركەوتوو بووە و بە جۆرێك پرۆسەی دیبلۆماسیی خستووەتە ژێر كاریگەرییەوە"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وا دەڵێت.

تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و ئەمریكا لە عومان و ئیتاڵیا بەڕێوە چوون. هەرچەند هەموو جارێك هەردوولا باسیان لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەكان كردووە، بەڵام ڕەتكردنەوەی داواكارییەكی واشنتن لەلایەن تارانەوە، لەمپەری دروست كرد.

ئەمریكا داوای لە ئێران كردووە كە بە تەواوی دەسبەرداری پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت و لە كاتی پێویستیدا یۆرانیۆمی پیتێندراو لە وڵاتێكی دیكەوە هاوردە بكات، بەڵام ئێران ئەوەی ڕەت كردەوە و پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئامانجی ئاشتییانە بە "مافێكی یاسایی" خۆی ناو برد.

ئامانجی سەرەكیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سازشپێكردنی تاران و ڕازیبوون بە داواكارییەكەی ئەمریكایە، كە هێشتا دیار نییە ئێران دەچێتە ژێر باری فشارەكان یان نا.