پەرەگراف
ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی بۆ سەر ئێران و بەتایبەت تارانی پایتەخت ئەنجام دا. تێیدا دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەكانی ئێرانی بەئامانج گرتووە و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای فیزیایی كوژراون. ئیسرائیل دەڵێت "هێرشمان كردە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە دڵی ئەو وڵاتەدا و بەردەوام دەبین". ئێرانیش هەڕەشەی "وەڵامی توند" دەكات و خامنەیی دەڵێت "ڕژێمی زایۆنی چارەنووسێكی تاڵ و بەئازاری بۆ خۆی هەڵبژارد".
ئەگەرچی لە كاتژمێر 9:00ـی شەو دەنگی ژمارەیەك تەقینەوە لە ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراوە، بەڵام هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە نیوەشەودا دەستی پێ كردووە. جگە لە تارانی پایتەخت، ژمارەیەك ناوچەی دیكەی لە سەرتاسەری ئێران كردووەتە ئامانج.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێكدا ئەنجامدانی هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران پشتڕاست كردەوە و بە ئۆپەراسیۆنی "ڕاپەڕینی شێر" ناوی برد.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئامانجی هێرشەكەی بە "بنبڕكردنی ئەو هەڕەشەیەی ئێران لەسەر مانەوەی ئیسرائیل دروستی كردووە" ناو برد و وتیشی "ئۆپەراسیۆنەكە تا ئەو كاتەی پێویست بكات بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە، بەردەوام دەبێت".
بنیامین نەتەنیاهوو ڕایگەیاند "ئێمە دڵی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانمان كردە ئامانج. ئامانجمان دامەزراوەی سەرەكیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران بوو. هەروەها لە دڵی پرۆگرامی مووشەكە بالیستییەكانی ئێرانمان دا."
نەتەنیاهوو جەختی كردەوە "ئێران پرۆگرامێكی بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی هەیە، ئەگەر ڕانەگیرێت، دەتوانێت چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. ئەمەش مەترسییەكی ڕوون و ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی خودی ئیسرائیل".
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە میدیای فەرمی و نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، لە هێرشەكاندا هەریەك لە سەردار سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران و غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی قەرارگای خاتەمەلئەنبیائـ و فەرەیدوون عەباسی، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران و مەهدی تەهرانچی، زانای فیزیایی و سەرۆكی زانكۆی ئازاد لە تاران، كوژراون.
هەروەها میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردەوە، هەواڵی كردنە ئامانجی بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز لە باشووری تاران هەیە و دەگوترێت تەقینەوە تێیدا ڕووی داوە. كە بنكەكە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكار دەهێنرێت.
هێرشەكان زیانی ماددیی گەورەی بە چەندین ماڵ و باڵەخانە لە تارانی پایتەخت گەیاندووە.
لە كاردانەوەی هێرشەكەدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕایگەیاند "ڕژێمی زایۆنی دەبێت چاوەڕوانی سزایەكی توند بێت. دەستی بەهێزی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی لێی ناگەڕێت".
خامنەیی لە پەیامێكدا جەخت دەكاتەوە "ڕژێمی زایۆنی بەم تاوانەی، چارەنووسێكی تاڵ و بەئازاری بۆ خۆی هەڵبژارد و بەدڵنیاییەوە ئەوە وەردەگرێت".
هەر لە سەرەتای هێرشەكانەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەشداریی لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێراندا نەكردووە. هۆشداریشی دایە ئێران لە كردنە ئامانجی بەرژەوەندی یان هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.
ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند "ئەمشەو ئیسرائیل هەنگاوێكی تاكلایەنەی دژی ئێران ئەنجام دا. ئێمە لە هێرشەكانی دژی ئێراندا بەشدار نین و كاری لەپێشینەمان پاراستنی هێزە ئەمریكییەكانە لە ناوچەكەدا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەشڵێت "سەرۆك ترەمپ و ئیدارەكەی، هەموو هەنگاوێكی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی هێزەكانمان و لە پەیوەندیی نزیكدان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەكانمان".
"با بە ڕوونی بڵێم: نابێت ئێران بەرژەوەندییەكان یان كارمەند و سەربازانی ئەمریكا بكاتە ئامانج"، ڕۆبیۆ وا دەڵێت
بەڵام ئێران پێی وایە ئەمریكا ئاگاداری هێرشەكان بووە. ئەبولفەزڵ شكارچی، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند، هێرشەكانی ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمریكا ئەنجام دراون. هەڕەشەی لە ئەمریكا و ئیسرائیلیش كرد و وتی "باجێكی قورس دەدەن و چاوەڕوانی وەڵامی توندی هێزە چەكدارەكانی ئێران بن".
هەر لە چوارچێوەی كاردانەوەكانی ئێراندا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "هێرشەكانی ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل)، پێشێلكردنی بڕگەی دووی ماددەی چواری پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەستدرێژیی ئاشكرا بۆ سەر ئێرانە. وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە مافێكی یاسایی و ڕێگەپێدراوی ئێرانە بەپێی ماددەی 51 پەیماننامەكە، كە هێزە چەكدارەكانی ئێران بە تەواوی هێز و بەشێوەیەك كە خۆی دیاریی دەكات، وەڵامدانەوەكە دواناخات".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كارەی ئیسرائیل كە "پێشێلكردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە". هەروەها داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەكە و ئیسلامی دەكات بەزووی ئەم هێرشەی ئیسرائیل ئیدانە بكەن و "هەنگاوی بەپەلە و دەستەجەمعی" بنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەكات "ئەم دەستدرێژییە مەترسیدارەی ئیسرائیل، ئاشتی و ئاسایشی جیهانیی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەكی بێپێشینە، كاریگەری و لێكەوتە مەترسیدارەكانی لە ئەستۆی ئەم ڕژێمە و پارێزەرانیەتی".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە "ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل، ناكرێت بەبێ هەماهەنگی و ڕێگەپێدانی ئەمریكا ئەنجام درابێت"، بۆیە دەڵێت "لەسەر ئەم بنەمایە، دەوڵەتی ئەمریكا وەكوو پارێزەری سەرەكیی ئیسرائیل، بەرپرسیارە لە كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەم دەستدرێژییە".