تەیف سامی: مووچە لە بەرانبەر تەوتین و ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەنێرین

12-06-2025 04:46

پەرەگراف

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی خەڵك و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ناردنی مووچە، پێویستە هەرێم پەلە بكات لە تەوتین و ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-06-2025 لە وەزارەتی دارایی بەڕێوە چووە، تاوتوێی تەوتینی مووچە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵ كراوە.

"جەخت كرایەوە لەسەر پێویستیی پەلەكردنی هەرێم لە تەوتینكردنی مووچە و ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان، تاوەكوو مووچە ڕەوانە بكرێت"، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێت.

ژمارەیەك لە نوێنەرانی خەڵك و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە چوارچێوەی هەردوو گرووپی خەڵكی ناڕازی و دەسـتەی مامۆسـتـایـان و فـەرمـانـبـەرانـی نـاڕازیدا، ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدان بۆ بەدواداچوونی كێشەی مووچە و ئەو سكاڵای لەسەر نەدانی مووچە و جێبەجێنەكردنی تەوتین لە دادگای فیدراڵی تۆماریان كردووە.

پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایانگەیاند "ئـەمـشـەو كاتژمێر 9:00 لەگەڵ گەڕانەوەمان لە بەغدا، لـە كـۆنـگرەیـەكی ڕۆژنامەوانیدا لە باخی گشتیی شاری سلێمانی، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئـاشكرادەكەین".