پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانی پێنج ڕۆژی دیكە درێژ كردەوە. بەوپێیە پرۆسەكە تا كۆتایی دەوامی ڕۆژی 20-06-2025 بەردەوام دەبێت. ئەمە سێیەم و ڕەنگە دوایین جاریش بێت کە کۆمیسیۆن وادەکە درێژ دەکاتەوە.
بەپێى نوێترین داتاى کۆمیسیۆن، لە ماوەى ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەر لە سەرتاسەرى عێراق تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە، لەو ژمارەیە نزیکەى 300 هەزاریان لە هەرێمى کوردستان بووە.
ئەو دەنگدەرانەی كە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و كارتی دەنگدانیان هەیە، یان كارتەكانیان نوێ نەكردووەتەوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لەدایكبووی ساڵی 2007ـن و یەكەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە، پێویستە سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ چارەسەركرددنی كێشەكانیان و دەرهێنانی كارتی نوێی دەنگدان.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامە و جەخت دەكاتەوە كە دەتوانێت لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدات.
بەپێی نوێترین داتای نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-06-2025 كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لە سەرتاسەری عێراق لە دوو مانگ و 15 ڕۆژی ڕابردوودا، یەك ملیۆن و 909 هەزار و 510 دەنگدەر تۆمارەكانیان نوێ كردووەتەوە، بە كۆی گشتییش 21 ملیۆن و 223 هەزار و 319 دەنگدەر تا ئێستا تۆماریان نوێ كردووەتەوە.
لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا 297 هەزار و 808 دەنگدەر تۆماریان نوێ كردووەتەوە، بە كۆی گشتیش تا ئێستا سێ ملیۆن و 64 هەزار و 899 دەنگدەر تۆمارەكانیان نوێ كردووەتەوە، كە دەكاتە 14.44%ـی كۆی ئەو دەنگدەرانەی عێراق كە تۆماریان نوێ كردووەتەوە، لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق 18 ملیۆن و 158 هەزار و 420 دەنگدەر تۆماریان نوێ کردووەتەوە، کە دەکاتە 85.56% (لەسەدا 85 و پۆینت 56)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.
لە پارێزگای سلێمانی تا ئێستا یەك ملیۆن و 199 هەزار و 652 دەنگدەر تۆماریان نوێ كردووەتەوە، كە دەكاتە 39.14% (لەسەدا 39 و پۆینت 14)ـی كۆی ئەو دەنگدەرانەی هەرێم كە تۆماریان نوێ كردووەتەوە، هەروەها دەکاتە 5.65% (لەسەدا پێنج و پۆینت 65)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.
لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا یەك ملیۆن و 85 هەزار و 531 دەنگدەر تۆماریان نوێ كردووەتەوە، كە دەكاتە 35.41% (لەسەدا 35 و پۆینت 41)ـی كۆی ئەو دەنگدەرانەی هەرێم كە تۆماریان نوێ كردووەتەوە، هەروەها دەکاتە 5.11% (لەسەدا پێنج و پۆینت 11)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.
لە پارێزگای دهۆك تا ئێستا 779 هەزار و 716 دەنگدەر تۆماریان نوێ كردووەتەوە، كە دەكاتە 25.44% (لەسەدا 25 و پۆینت 44)ـی كۆی ئەو دەنگدەرانەی هەرێم كە تۆماریان نوێ كردووەتەوە، هەروەها دەکاتە 3.67% (لەسەدا سێ و پۆینت 67)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.
