پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەغدادی قەدەغە کرد و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن.
ئەو بڕیارە دوای ئەوەدێت دوێنێ ئەمەریکا بڕیاری دا بە کشانەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی لە عێراق، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و هەبوونی هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمەریکی گەڕاندەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەڵێت: "بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مەکەن".
وەزارەتەکە ئاماژە بە مەترسیی "هێرشی گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان، چالاکیی میلیشیا دژە ئەمەریکییەکان" دەکات و دەڵێت: دەکرێت هێرشی درۆنی لە شارە گەورەکانی عێراق هەبێت، بیانییەکان لەنێویاندا کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان و بازرگانان بڕفێندرێن.
لە هۆشدارییەکەدا ئەوەش هاتووە کە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا رێگەیان پێنادرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکاربهێنن.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەو ڕێکارانە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران.