پەرەگراف
عەبدوڵڵا ئۆجــەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، داواى کردووە ديدارى لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانى کورد بۆ ڕێک بخرێت، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى و چارەسەرى کێشەى کورد.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەمپارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئۆجەلان داوای بینینی هەریەک لە مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیی کردووە".
وتەبێژی دەمپارتی وتیشى "پێویستە بەزوویى عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە و سوود لەو دیدارانە وەربگیرێت (بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى)". ئەوەیشى بە "داواکاریى خودى ئۆجەلان" ناو برد.
ئایشەگول دۆغان ئاشکراى کرد، دەمپارتی سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ سەردانێکی دیکەى ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی. ئەو شاندەیش کە سەردانەکە ئەنجام دەدات، پێکهاتووە لە ئەندامانی دەستەی ناوەندی جێبەجێکارى دەمپارتى کە هاوسەرۆکە گشتییەکانیشی تێدایە.
دەمپارتى لە چوارچێوەى هەوڵەکانى بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى، لە سەردان و گفتوگۆکانى لەگەڵ پارت و لایەنەکانى تورکیا بەردەوامە، ئەمە جگە لە سەردانکردنى لایەنەکانى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى بەردەوام بۆ سەرخستنى پرۆسەکە. چەند جارێکیش پەیامى ئۆجەلان و لایەنەکانى تورکیاى بە یەکدى گەیاندووە.
وتەبێژی دەمپارتی ئاماژە بەوە دەکات، جگە لەو پارتانەی ئەندامیان لە پەرلەمانی تورکیا هەیە، گفتوگۆ لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی پەرلەمانیش بەردەوامە.
دۆغان جەختیشى کردەوە کە "کێشەی کورد، تەنیا کێشەی کورد نییە. چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیش، پێویستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە".