كورد شاندی هاوبەشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق پێك هێنا

05-06-2025 09:43

پەرەگراف

شاندی هاوبەشی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە هەردوو لایەنی پەیەدە و ئەنەكەسە، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق پێك هێنرا. شاندەکە ڕایگەیاند لە نزیکترین کاتدا دەست بە کارەکانى دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە 04-06-2025، كۆبوونەوەی دامەزراندنی شاندەكە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بەڕێوە چوو.

پەروین یوسف و محەمەد ئیسماعیل هاوسەرۆكانی شاندەكەن. ئەندامەكانی پێكهاتوون لە (ئاڵدار خەلیل، ئەحمەد سلێمان، سلێمان ئۆسۆ، ڕەیحان لۆقۆ، نەسرەدین ئیبراهیم، سەڵاح دەروێش و فەیسەڵ یوسف).

بڕیارە شاندەكە بچێتە دیمەشق و لەگەڵ دەسەڵاتی كاتیی سووریا گفتوگۆ دەربارەی ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا بكات.

شاندە هاوبەشەكە لە یەكەم ڕاگەیەندراویدا دەڵێت، پێكهێنان و دیاریكردنی ئەندامانی دوای ڕاوێژكاریی نێوان لایەنە بەشداربووەكانی كۆنفرانسی یەكڕیزی و هەڵوێستیی كورد لە سووریا بووە. دەشڵێت "شاندەكە لە چەند ڕۆژی داهاتووی نزیكدا، دەست بە ئەركەكانی دەكات".

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی 26-04-2025، بە بەشداریی دەیان پارتی سیاسی و زیاتر لە 400 کەسایەتی، لە شاری قامیشلۆ بەڕێوە چوو.

لە ڕاگەیەندراوی شاندە هاوبەشەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لە كۆنفرانسی یەكڕیزیی كورددا جەخت لەسەر پێویستیی پێكهێنانی شاندێكی هاوبەشی كوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتی و كوردستانییەكان كراوەتەوە، بەپێی دیدگای هاوبەشی كوردی سەبارەت بە سووریا و دۆزی كورد.