سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق: بڕیارەکەى وەزارەتى دارایى پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە

04-06-2025 07:14

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق "نیگەرانی توند" لەبارەی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەم ڕێكارە زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایشیدەگەیەنێت "ئەو بڕیارە قەیرانێكی ئابووری دروست دەكات و پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستووریشە كە مافی هەموو هاووڵاتیانی لە گشت پارێزگاكاندا مسۆگەر كردووە".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە حكومەتی عێراق دەكات پاشگەز ببێتەوە لە بڕیارەكە و دەڵێت "پێویستە بژێویی خەڵك و شایستە داراییەكانیان، بە پرسە سیاسییەكان و بابەتە تەكنیكییەكانەوە نەبەسترێنەوە".

"دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشە و دۆسیەكان و چارەسەركردنی پرسەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر"، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وا دەڵێت.