ئامارى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى دوو مانگى ڕابردوو لە هەرێم بڵاو کرایەوە

03-06-2025 02:11

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی هاوپەیمانی 19، لە دوو مانگی ڕابردوودا 54 چالاكیی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، 22یان بۆ خزمەتگوزاری و مووچە بووە. هەروەها ژمارەیەك كەس دەستگیر كراون و ڕێگری لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانیش بۆ پاڵپشتی لە غــەززە كراوە.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 كە لە كۆمەڵێك ڕێكخراو و چالاكی مەدەنی پێكهاتووە، ڕاپۆرتى خۆى بۆ دوو مانگی (نیسان و ئایاری 2025) بڵاو کردەوە و دەڵێت "لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان 54 چالاكیی ناڕەزایی، خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ڕێك خستووە، كە 23 چالاكییان لە مانگی نیسان و 31 چالاكییان لە مانگی ئایاردا بووە".

بەپێی ئامارەكانی تۆڕەكە، ڕێگری لە "سێ چالاكیی مەدەنی" كراوە و "دوو" هاووڵاتییش دەستگیر كراون.

جۆری داخوازییەكان بەم شێوەیە بوون: لە مانگی نیساندا شەش چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، شەش چالاكی بۆ مووچە، دوو چالاكی دژ بە جینۆسایدی گەلی كورد، دوو خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە غەززە كە ڕێگریییان لێ كراوە، حەوت چالاكی بۆ داخوازیی جیاجیای دیكە.

ناڕەزایەتییەكانی مانگی نیسان، 13یان لە سلێمانی و 10یان لە هەولێر بووە، لە پارێزگا و ناوچەكانی دیكەی هەرێم هیچ چالاكییەكی ناڕەزایەتی ئەنجام نەدراوە.

تۆڕی هاوپەیمانیی 19 دەڵێت "هەر لە مانگی نیساندا، دوو حاڵەتی دیاری دەستگیركردن بەهۆی ئازادیی بیروڕاوە، لە شارەكانی دهۆك و سلێمانی تۆمار كراون". ئەوانیش دەستگیركردنی ئیسلام زێباری لە دهۆك و ڕێبین عومەر، مامۆستا و ئەندامی دەستەی خۆپیشاندان بۆ مافەكانی خەڵكی پێنجوێن.

هەروەها لە مانگی ئایاردا 31 چالاكی ڕێكخراوە، حەوت چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، چوار چالاكی بۆ دامەزراندن، سێ‌ چالاكی دژ بە نرخی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، سێ‌ چالاكی بۆ مووچە، دوو چالاكی بۆ مافی كەمئەندامان، دوو چالاكی بۆ مافی كرێكاران، یەك خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ئومێد بەروشكی كە ڕێگریی لێ كراوە، هەروەها نۆ چالاكی بۆ داخوازیی جۆراوجۆری دیكە.

چالاكییەكانی مانگی ئایار، 22یان لە سلێمانی، پێنجیان لە هەولێر، دوانیان لە هەڵەبجە و دوانیان لە دهۆك بووە.

تۆڕی 19 كە مانگانە یان دوو مانگ جارێك ئاماری ناڕەزایەتییەكان و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بڵاو دەكاتەوە، وەكوو خۆی دەڵێت "كۆمەڵێك ڕێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایان مەزراندووە. سەنتەری میترۆ سەرپەرشتیی دەكات".

ئامانجی تۆڕەكە "داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكانە، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە".