فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ سوودانی كۆبووەوە؛ بەر لە جەژن مووچە دێت؟

03-06-2025 11:26
کۆبوونەوەى فراکسیۆنى یەکگرتوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق

پەرەگراف

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانى عێراق، بۆ بەدواداچوونى كێشەی مووچە، سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد. فراکسیۆنەکە دەڵێت "سوودانی وتی: داوای ڕوونكردنەوەم لە دادگای فیدراڵی كردووە و بەبێ‌ بڕیاری دادگا ناتوانم مووچە بنێرم". سوودانی ڕایشیگەیاندووە كە ناتوانێ‌ دڵنیایی بدات بەر لە جەژن مووچەی مانگی پێنج دەنێرێت.

کۆبوونەوەکە بەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە ٠٣-٠٦-٢٠٢٥ لە نووسینگەى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغدا بەڕێوە چووە و "یەک کاتژمێر"ـى خایاندووە. فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاریی كۆبوونەوەکەى خستە ڕوو و ڕایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق وتوویەتى كە "حكومەتی هەرێم نەوت هەناردە ناکاتەوە و ڕادەستیشى ناكات، بەڵکو بە قاچاخ دەیفرۆشێت. داهاتی نانەوتیش وەكوو پێویست نانێرێت، ئەمە جگە لە تەوتیننەكردنی مووچە و كێشەكانی لیستی مووچە و بوونی 22 مەرزی نایاسایی".

سەرۆكوەزیرانی عێراق بە فراكسیۆنی یەكگرتووی وتووە، مەرجە سەرەكییەكانی حكومەتی فیدراڵ بۆ ناردنی مووچە، بریتییە لە "ڕادەستكردنی 50%ـی داهاتی نانەوتی کە بەپێى ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم مانگە نزیكەی "150" ملیار دینار دەکات، هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران (تەوتین)".

سەربارى ئەوەش، موسەننا ئەمین، ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتوو، ڕایگەیاند "سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی: هەر وەزارەت و پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکى هەرێم لیستی مووچەی مووچەخۆرانی بهێنێ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەوتین بکات، ئێمە مانگانە ڕاستەوخۆ مووچەكەی پێ دەدەین و دەیخەینە سەر هەژماری بانكیی مووچەخۆرانى".

سوودانی ئاماژەی بە بڕى ئەو داهاتە نانەوتییانە كردووە كە هەرێم مانگانە ڕادەستی دەكات، كە لە 90 ملیار دینارەوە دەستی پێ‌ كردووە و پاشان بووە بە 70 و 60 و دواجار 48 ملیار دینار. وەكوو موسەننا ئەمین دەڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو كەمكردنی داهاتەی بە "گاڵتەپێكردن" ناو بردووە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق بێئاگایی خۆی لە نووسراوەكەی وەزیری دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچەی هەرێم ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزیری دارایی وەكوو ڕێكارێكی یاسایی خۆی و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەرۆكوەزیران ئەو نووسراوەی بۆ هەرێم ناردووە.

هەروەها سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، لە مانگەكانی پێشوویشدا وەزیری دارایی عێراق بەرپرسیارێتیی ناردنی مووچەی هەرێمی نەگرتووەتە ئەستۆ و بە "نایاسایی" ناوی بردووە، بەڵام ئەو (سوودانى) لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆی واژووى لەسەر ناردنى کردووە.

محەمەد شیاع سوودانی بە فراكسیۆنی یەكگرتووی وتووە، پێشتر هۆشداریی بە هەرێم داوە لەبارەی كێشەكان و داوای چارەسەركردنیانی كردووە. هەروەها ئێستاش پێی ڕاگەیاندوون كە چیتر ئەویش بە تەنیا ناتوانێ‌ بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و مووچە بنێرێت.

لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكگرتوو، نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەمەد شیاع سوددانی، جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی چارەسەری ڕیشەیی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، سەبارەت بە پابەندییە داراییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەوشێوەیەی لە بڕگەكانی یاسای بودجە و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە".

هەروەها سوودانی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوولا جەختی لەسەر "گرنگیی دەركردنی یاسای نەوت و غاز" كردووەتەوە.