پەرەگراف
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆبووەوە و هەڵوێستى ڕاگەیاند. داوای دەستبەركرنی مافی سەرجەم هاووڵاتیان بەپێی "یاسا و دەستوور" دەكات. پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز بە "چارەسەری بنەڕەتی" كێشە هەڵپەسێدراوەكانی نێوان هەردوولا ناو دەبات.
كۆبوونەوەكە شەوی ڕابردوو لە نووسینگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا بەڕێوە چوو. تێیدا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشدار بوو.
چوارچێوەی هەماهەنگی كە زۆرینەی لایەنە شیعەكانی عێراق لەخۆ دەگرێت، دوای كۆبوونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە كێشكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند "پێداگری لەسەر گرنگیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو پرسێكی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوور و یاساكانی حوكمڕانی" دەكاتەوە.
هەروەها پابەندبوونی حكومەتی فیدراڵی بە "دەستەبەركردنی مافی سەرجەم هاووڵاتیان و هەوڵدانی جیددی بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم چارەسەرەكان" دووپات كردەوە.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن "ئامادەبووان بە گرنگیان زانی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت، كە بە چارەسەری بنەڕەتی دادەنرێت بۆ كۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر".