پەرەگراف
وەكوو پێشتر بڕیاربوو، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هەڵوێستی لەبارەی كێشەی مووچەوە ڕاگەیاند و دەڵێت "دوای ئەو ئاماژە ئەرێنییەی كە هەیە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و دامەزراوەی قەزائی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە، ئێمەش داكۆكی دەكەین لە چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتاییهێنان بەم شێوە ڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی كە لەگەڵ بژێوی ژیانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان دەكرێت".
ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەكان، ئەمرۆ دوو شەممە ٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونەوە بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمشە لەیاد دەستی پێكرد، دواتر چەند پرسێكی گرنگ و هەنوكەیی شڕۆڤەكران و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
تەوەری یەكەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ؛ پارتیمان لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و ڕوخاندنی ڕژێم و دواتریش لە بونیادنانی عێراقێكی نوێ كە تێیدا هەموو هاووڵاتیان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بكەن و، بەگوێرەی دەستوور بە ماف و ئازادییەكانیان بگەن، عێراقێك كە بەبی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بۆ هەمووان بێت ڕۆڵی كاریگەری هەبوو، سەركردایەتی كوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بەشداری دامەزراندنەوەی عێراقی نوێی كرد لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی (شراكە، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنی عێڕاق لەلایەن هەموو پێكهاتەكانیەوە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ تەواوی خەڵكی عێراق كە ببێتە مایەی قەرەبووكردنەوەی ئەو هەموو نەهامەتی و وێرانییەی بەسەر عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دا هاتبوو. بەداخەوە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێك بەسەر ڕوخانی ڕژێم، بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە عەقڵیەتی دوور لە عەقڵیەتی فیدراڵی و بە ئاراستەی گێڕانەوە دەوڵەتی مەركەزی و پشتكردن لە دەستوور و ڕێككەوتنەكانی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجامدراون بۆ پێكهێنانی كابینە و گوشار خستنە سەر هەرێم بە هەموو شێوازێك و بەكارهێنانی كارتی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێن، كۆبوونەوە پەسەند و پاڵپشتی هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی پارتیمانی كرد لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، هەروەها هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكانی لە كۆبوونەوەی هاوبەشی ڕێكەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٥ بەرزنرخاند و، دوای ئەو ئاماژە ئەرێنیەی كە هەیە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و دامەزراوەی قەزائی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە ئێمەش داكۆكی دەكەین لە چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتایی هێنان بەم شێوەڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی كە لەگەڵ بژێوی ژیانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان دەكرێت.
تەوەری دووەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان؛ پارتیمان باوەڕی تەواوی بە فرە حزبی و لەگەڵیشیدا بە كاری هاوبەش و بەرپرسیاریەتی هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگایەوە هەوڵی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانیمان بەردەوام هەبووە و هەوڵی جدیشمان دا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەكی كوردستانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بۆ ئەوەی لە بەغدا وەكو پێكهاتەی كورد ڕۆڵێكی كاریگەرترمان هەبێت، نەك وەكو ئەحزاب، بەڵام بەداخەوە پێشوازی لەو هەوڵەمان نەكرا و بێ ئەنجام بوو. دوا هەوڵیشمان بۆ كاری پێكەوەیی و دروستكردنی هاوڕایی بەرامبەر كێشە و ئاڵنگاریەكان ئەوەبوو كە داوامان لە هەموو پارت و لایەنە كوردستانییەكان كرد و میوانداریمانكردن بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش كە بەسوپاسەوە بەشی هەرە زۆری حزب و لایەنەكان ئامادەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن بوون هاوكات چەند لایەنێكیش دەستپێشخەریەكەیان قبوڵ نەكردین كە ئامانج لێی ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بوو لەبارەی بڕیارە نایاساییەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ سەبارە بە ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران بەتایبەتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی، شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوەی ناوبراو كۆبوونەوەیەكی باش و سەركەوتوو بوو.
تەوەری سێیەم/ سەردان و كۆبوونەوەكانی بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ دوای گفتوگۆ و ڕونكردنەوەی ناوەرۆكی سەردانەكەی بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كۆبوونەوەكانی بەرێزیان لە گەڵ كەسایەتی و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە بە كارێكی باش زانرا بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، هەروەها ڕێككەوتنەكان لەسەر كێڵگەكانی گاز و نەوت كە لە چوارچێوەی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دان، بە سوودی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق زانران.
تەوەری چوارەم/ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ لیژنەی دانوستاندنەكانی پارتیمان زانیاری و ڕونكردنەوەی پێویستی لەبارەی هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە پێشكەشی كۆبوونەوە كرد، بەردەوامی هەنگاوەكانی لیژنەی ناوبراو بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی دەیەم بە زووترین كات بەپێوست زانرا.
تەوەری پێنجەم/ پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ لیژنەی باڵای سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواوی هەنگاو و ئامادەكاریەكانی كە كراون و پلان و بەرنامەی داهاتووی لیژنە و ئۆرگانەكانی پارتیمانی سەبارەت بەم پرۆسەیە خستە ڕوو، كۆبوونەوە پلان و هەوڵەكانی لیژنەی ناوبراوی بە گوێرەی ئەو خشتە زەمەنیەی كە دیاریكراوە بە پەسەند زانی.
كومیتەی ناوەندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان